کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات

ناتۆ
ناتۆ

K24 - برۆکسل:

لە دووەم و کۆتا رۆژی کۆبونەوەی وەزیرانی  دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل، لە بەیاننامەیەکدا داوایان کرد ئاگر بەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژ بکرێتەوە و هاوکاری و یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە هاووڵاتیانی غەززە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(29-ی تشرینی دووەمی 2023)، بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسل رایگەیاند، وەزیری دەرەوی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن ئاشکرای کردووە، بەم نزیکانە سەردانی قەتەر و ئیمارات و ئیسرائیل دەکات، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی ئاگر بەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژ بکرێتەوە لەپێناو ئەوەی بارمتەی زیاتر ئازاد بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاری و یارمەتیی زیاتر بگەیەندرێتە هاووڵاتیانی غەززە.

سەبارەت بە دۆخی ئۆکرانیاش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سکرتێری گشتی ناتۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، لە هەوڵی ئەوەدان هەر یەک لە سوید و ئۆکرانیا ببنە ئەندامی ناتۆ وەک خۆیان ئاماژەیان بۆی کردووە، بەڵام بۆ ئەوە پێویستیان بەچەند هەنگاوێکە.

لەبارەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد،  ئێستا دۆسیەی ئەندامبوونی سوید لەنێو پەرلەمانی تورکیایە و لەکاتی دەنگدان و رازی بوون لەسەری، ئەو کاتە سوید دەبێتە ئەندامی ناتۆ.

 بۆ ئەندامبوونی ئۆکرانیاش لە ناتۆ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ داوای لە ئۆکرانیا کرد پێویستە چاکسازیی لە گەندەڵی بکات،چونکە سەرباری شەڕ، گەندەڵییەکی زۆر هەیە و بە پێویستی زانی ئۆکرانیا هەوڵی بنبڕکردنی بدات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ.

بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 ناوەڕۆکی بەیاننامەی ناتۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێ، لە بەیاننامەی کۆتایی ناتۆدا هاتووە، بڕیارە لە مانگی تەمووزی ساڵی داهاتوو، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت.

لە دووەم و کۆتا رۆژی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی  ناتۆ لە برۆکسل، وەزیری دەرەوی لاتیڤیا رایگەیاند: پێویستە تەواو ئۆکرانیا ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ  چونکە داهاتووی ئۆکرانیا لە ناتۆیە .

وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت ئەوەی پێیان دەکرێت هاوکاری ئۆکرانیا بکەن لە کۆتایی هێنان بە شەڕانگێزی پوتین، وەزیری دەرەوەی سویدیش دەڵێ، تورکیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەندامییەتی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند دەکات، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا پێی وایە پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئەوروپا بەبێ پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا هەوڵێکی بێ سوودە.

رۆژی سێشەممە(28ی تشرینی دوەەمی 2023)، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا  لەبارەی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و دوا پەرەسەندنەکانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆبوونەوە و هەنگاوەکانی بە ئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیایان گفتوگۆ کرد.

کارزان حەیدەر