ناتۆ ترس و نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ پرسی كۆچبه‌رانی نێوان رووسیا و فینله‌ندا ده‌رده‌بڕێت

ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر له‌سه‌ر سنووری رووسیا و فینله‌ندا
ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر له‌سه‌ر سنووری رووسیا و فینله‌ندا

K24 - هەولێر:

دوای ئه‌وه‌ی فنله‌ندا بڕیاری دا به‌ داخستنی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ناتۆ ترس و نیگه‌رانی خۆیان ده‌رده‌بڕن سه‌باره‌ت به‌ كۆچی ناڕێكخراو و نایاسایی بۆ فینله‌ندا، كه‌ به‌م دواییانه‌ ژماره‌یان زیاتر بووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌لینا ڤالتۆنین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ناتۆ له‌ برۆكسل رایگه‌یاندووه‌ "به‌م دواییانه‌ پڕۆسه‌یه‌كی تێكه‌ڵ‌ له‌لایه‌ن رووسیا له‌سه‌ر سنووره‌كانی فینله‌ندا ئه‌نجام دراوه‌."

پۆلیسی فینله‌ندا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌رانی نارێكخراو و نایاساییان تۆمار كردووه‌ كه‌ گه‌یشتوونه‌ته وڵاته‌كه‌یان و زۆربه‌یان له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ رێگه‌ی رووسیاوه‌ په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر فینله‌ندا، "له‌ كاتێكدا به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ ئاراسته‌ كراون."

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، رووسیا نه‌ك هه‌ر رێگه‌ به‌ كۆچبه‌رانی نایاسایی ده‌دات له‌ رێگه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و فینله‌ندا بپه‌ڕنه‌وه‌، به‌ڵكو هانیان ده‌دات و كۆیان ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌لینا ڤالتۆنین جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ رووسیا بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌ رووی گه‌شتیاران داده‌خه‌ن، جگه‌ له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ باڵهه‌ڵگره‌كان، رێگه‌ به‌ هیچ هاتووچۆیه‌كی دیكه‌ ناده‌ن.

له‌لای خۆیه‌وه‌ مارگۆس ته‌سكانا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ستۆنیا رایگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ستۆنیا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ بابه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ و مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ كه‌ رووسیا به‌و شێوه‌یه‌ بێتاوانان و په‌نابه‌ران ده‌كاته‌ كارت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاریان ده‌هێنێت.

به‌ هه‌مان شێوه‌ ئێسبن بارس ئێد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویژ رایگه‌یاند، بارودۆخی سه‌ر سنووری نێوان وڵاته‌كه‌ی و رووسیا هیچ نه‌گۆڕاوه‌، به‌ڵام به‌ وردی چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر پێویست بكات بڕیاری ده‌ستبه‌جێ ده‌رده‌كه‌ن.

رۆژی (چوارشه‌ممه‌ 22ـی تشرینی دووه‌می 2023) پێتری ئۆرپۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بڕیاری دا سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی جگه‌ له‌ ده‌روازه‌ی رایا یۆسێپی له‌گه‌ڵ رووسیا دابخات.

سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا هه‌روه‌ها حكومه‌تی رووسیای به‌ هاندانی كۆچبه‌ران تۆمه‌تبار كرد بۆ ئه‌وه‌ی روو له‌ فینله‌ندا بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر سنووره‌كان كۆیان ده‌كاته‌وه‌.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 14ـی تشرینی دووه‌می 2023) سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا رایگه‌یاند، رووسیا به‌ئه‌نقه‌ست رێگه‌ به‌ كۆچبه‌رانی نایاسایی ده‌دات سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌ی ببه‌زێنن، ئامانجیشی له‌و كاره‌ تێكدانی سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌یه‌تی.

سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا جه‌ختیكربووه‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی ئه‌و كاره‌ی رووسیا به‌ كارێكی مه‌به‌ستدار ده‌زانێت، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی فینله‌ندا ئامانجیه‌تی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا پارێزراو بن.

فینله‌ندا له‌گه‌ڵ رووسیا 1340كم سنووری هاوبه‌شی هه‌یه‌. پێشتریش له‌ نیسانی ئه‌مساڵدا مۆسكۆ رایگه‌یاندبوو رێككاری پێچه‌وانه له‌ به‌رامبه‌ر هێلسنكی ده‌گرێته‌ به‌ر به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی فینله‌ندا چووه‌ ناو هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌نتیك (ناتۆ) و پێی وابوو فراوانبوونی ناتۆ له‌سه‌ر سنووره‌كانی، مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی رووسیا دروست ده‌كات.

له‌لای خۆیه‌وه‌ ماری رانتانین، وه‌زیری ناوخۆی فینله‌ندا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو، حكومه‌ت وه‌زاره‌ته‌كه‌یانی راسپاردووه‌ بۆ ئاماده‌كردنی زنجیره‌یه‌ك پڕۆژه‌پێشنیازی تایبه‌ت به‌ رێككاره‌كان بۆ سنوورداركردنی جووڵه‌ی هاتووچۆی سنووره‌كان، كه‌ ره‌نگه‌ رێككاره‌كان بگه‌نه‌ ئاستی داخستنی سنوور له‌گه‌ڵ رووسیا.