عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری: فه‌ره‌نسا رۆڵی ئه‌رێنی له چاره‌سه‌ركردنی پرس و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بینێت
K24 - هەولێر:
به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا ئاماژه به‌وه ده‌كات، فه‌ره‌نسا له رابردوو رۆڵی له هێنانه‌كایه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و له ئێستاشدا رۆڵی ئه‌رێنی له چاره‌سه‌ركردنی پرس و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بینێت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 29ـی تشرینی دووه‌می 2023) عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری، به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا، په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویین و بۆ چه‌ندین خاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه گه‌ل و حكومه‌تی فه‌ره‌نسا پێیان وایه گه‌لی كورد خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و به‌هایانه كه گه‌لی فه‌ره‌نسا شۆڕشی له‌پێناودا كردووه، نه‌خاسمه به‌هاكانی مافی مرۆڤ و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و جه‌نگان له‌پێناو ئاشتیدا.
به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، روونه فه‌ره‌نسا رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو له دروستكردن و دامه‌زراندن و هێنانه‌كایه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ساڵی 1991 و راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان. گوتیشی، فه‌ره‌نسییه‌كان بۆیان ده‌ركه‌وتووه هه‌رێمی كوردستان هۆكارێكه بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پیاده‌كردنی حوكمڕانیدا به فه‌ره‌نسییه‌كان و جیهانیان نشان داوه كه ئاشتیان ده‌وێت و هیچ كات نه‌بوونه‌ته مه‌ترسی بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی ناوچه‌كه.
به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، به‌ردی بناغه‌ی په‌یوه‌ندییه قووڵه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا بۆ سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌ره‌نسا به‌تایبه‌ت كه له 2010ـدا به سیفه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه و هه‌ر ئه‌و رۆژه یاداشتێكی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا واژۆ كرد و بووه‌ته بنچینه‌ی په‌یوه‌ندییه فه‌رمییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و پاریس.
جه‌ختیشیكرده‌وه فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان ده‌دا به‌پێی ده‌ستوور و له رێگه‌ی گفتوگۆی دیالۆگه‌وه.