بۆ یەکەمجار هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا بەشداری لە مانۆڕەکانی زەریای هیندی دەکات
K24 - هەولێر
وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، کەشتی "دایمۆند"ی هێزی دەریایی شاهانە بەشداری لە ئاسایشی کەنداو و زەریای هیندی دەکات.
گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، کەشتی "دایمۆند"ی هێزی دەریایی شاهانە بۆ رێگریکردن لەوانەی کە هەوڵی نائارامی و تێکدانی ئاسایشی دەریایی دەدەن، هەروەها چەند ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی گەشتکردن و دڵنیاکردنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان لە رۆیشتنیان بە سەلامەتی، بەشداری لەو مانۆڕە دەکات.
ئاماژەی بەوەکرد، "گرنگە بەریتانیا ئامادەیی هەبێت لە ناوچەکە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی بەریتانیا و بەرژەوەندییەکانمان".
پێشتر حوسییەکانی یەمەن لە 21/11/2023، دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری "گالاکسی لیدەر" لە باشووری دەریای سووردا گرتبوو، ئەمەیش بووە هۆکاری ئەوەی بۆ یەکەمجار هێزی دەریایی بەریتانیا بەشداری لە مانۆڕەکانی زەریای هیندی بکات.
کەشتی "لانکاستەر" لەگەڵ سێ کەشتی دیکەی مین و کەشتییەکی پشتیوانی، لەو ناوچەدا جێگیر دەکات.
ئا: لاڤین عومەر