عامر جابری: عێراق هیچ پلانێکی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا
![عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراقی](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Dec-2023/1701459487Amr-jabry.gif)
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا کە ئێستا لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە رایگەیاند، هەندێک لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەهەند وەرناگرن و هیچ پلانێک نییە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژینگەی عێراق.
رۆژی هەینی (1ـی کانوونی یەکەمی 2023) عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراقی لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵی کوردستان24 بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا رایگەیاند، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان، وڵاتانی بەشدار لە لوتکەکە دەیانەوێت بۆ لەومەدوا جیهان پشت بە وزەی نوێبووەوە ببەستێت لەبری پشت بەستن بە وزەی نەوت و غاز.
عامر جابری ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ئەوەی عێراق بەشدارە لەو لوتکەیە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق کاربکات بۆ ئەوەی پشت بە وزەی نوێبووەوە ببەستێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراقی گوتیشی، بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، خەریکە عێراق دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، بۆیە پێویستە بە جددی بیر لە دانانی پلان و بەرنامەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییانە بکرێتەوە و تا ئێستا هیچ پلانێکیش نییە لەو بارەیەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عامر جابری جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، عێراق لەو بۆنە نێودەوڵەتییانەدا بەشدارە و دەبێت پابەندییەکانی خۆشی جێبەجێ بکات کە لە لوتکە و کۆنفرانسەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
جابری گوتیشی، "دەمانەوێت راسپاردەکانی لوتکەکە جێبەجێ بکرێت و نامانەوێت تەنیا واژۆکردن بێت لەسەر کاغەز و لە واقعدا شتێکی دیکە ببینین لە عێراق روودەدات، هیوادارین ئەمجارە عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران سوودانی، جددی بێت لە جێبەجێکردنی راسپاردە و دەرئەنجامەکانی ئەم لوتکەیە".
هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراقی باسی لەوەشکرد، بەردەوام وەک دەزگاکەیان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە حکومەتی عێراقی لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هەندێک لە دامەزراوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە زۆر کەمتەرخەمن و گوتیشی، "هەموو ئەو کۆنفرانسانەی لە عێراق لەبارەی کەشوهەواوە ئەنجامدراون سەرکەوتوونەبوون".
لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، جابری روونیکردەوە، بەشێک لە خاکی عێراق بیابانە کە ئەمە شتێکی سرووشتییە بەڵام دیاردەی بە بیابانبوونیش هەیە کە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئەم وڵاتە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەش پێویستە خواست بۆ چاندنی دار و سەوزکردن هەبێت، بەڵام ئەم هەنگاوە بە هەند وەرنەگیراوە، هەروەها گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون کارەساتێکی دیکەیە.
عامر جابری جەختی کردەوە، هەردوو دۆسیەی ئاو و بەبیابانبوون دوو دۆسیەی زۆر گرنگن و پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هەندیان وەربگرێت و لە پلان و بەرنامەکانیدا بەشێوەیەکی خێرا کاریان لەسەر بکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگەی عێراق.
لەبارەی کۆچی ژینگەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراقی دووپاتیکردەوە، بەهۆی لەناوچوونی سامانی ئاژەڵی و وشکەساڵی و کەمئاوی، کۆچی دانیشتووان لە گوندەکان و ناوچەی زۆنگاوەکان بۆ شارەکان هەیە و ئەمەش مەترسی بۆ ئابووری، تەندروستی و کەشوهەوای عێراق هەیە و دەبێت چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە.
لە کۆتایی دیمانەکەشدا، سنوور مەجید پرسیاری رەوشی کەشوهەوا و ئەگەری بارانبارینی لە عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراقی کرد و رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە پلەکانی گەرما دابەزن و گۆڕانکاری لە کەشوهەوای عێراق رووبدات و بە دووریشی نەزانی شەپۆلێکی بارانبارنیش ناوچەکە بگرێتەوە.