ئاوارەیەکی کەمپی چەمشکۆی زاخۆ کوژرا؛ "هۆکارەکەی نادیارە"

K24 - هەولێر
ئاوارەیەکی کوردی ئێزدیی دانیشتووی کەمپی چەمشکۆی سنووری زاخۆ کوژرا و تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە ئاشکرانەکراوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، نزیکەی کاتژمێر 08:30 خولەک، گولـلـەیەک کە تاوەکو ئێستا سەرچاوەکەی دیارنییە، بەر سەری ئاوارەیەکی کوردی ئێزدیی دانیشتووی کەمپی چەمشکۆی زاخۆ کەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ئاوارەکە ناوی "شوکر خودێدا حەسەن"ـە، تەمەنی 54 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە. کەسوکارەکەی باسیان لەوە کرد، لەوکاتەوەی ناوبراو لەژێر خێوەتەکەیدا دانیشتبوو، گـولـلـەکە بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
له سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چوار کهمپی ئاوارهکانی کوردانی ئێزدی ههن. کهمپی چهمشکۆ نزیکهی 26 هەزار کهسی تێدا دهژی. دەکەوێتە نزیک بارەگای کۆلیژی سەربازی زاخۆ و مەدوای نێوانیان 700 مەترە.
بەشێک لە دانیشتووانی کەمپەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت گولـلـەکان لەکاتی مەشقی سەبازی لەنێو کۆلیژی سەربازی زاخۆ بەهەڵە ئاراستەی کەمپەکە کرابن، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆلیژەکە و هێزە ئەمنییەکانی زاخۆ هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە و ئەو دەنگۆیە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە شوێنی رووداوەکە دەست کوردستان24 کەوتوون، گولـلـەیەک بەر بارهەڵگرێک (دوو تەنییەک) کەوتووە و گولـلـەیەکی دیکەش بەر ئەو خێوەتە کەوتووە کە ئاوارە تەمەن 54 ساڵییەکەی تێدابووە.

