له‌تیف ره‌شید: پرسی ژینگە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە
K24 - هەولێر
له‌تیف ره‌شید سه‌رۆككۆماری عێراق له په‌راوێزی كۆنفرانسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له دوبه‌ی به‌شی عێراقی به‌سه‌ركرده‌وه كه له نوێنه‌رانی ته‌كنیكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێكهاتوون، رایگه‌یاند: ئێستا پرسی ژینگه یه‌كێكه له‌و پرسه گرنگانه‌ی كه مرۆڤایه‌تی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه و له عێراق هه‌نگاوی باش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه ژینگه‌ییه‌كان نراوه.
سەرۆککۆماری عێراق، گوتی: "پرسی ژینگه له سه‌رده‌می ئێستا یه‌كێكه له‌و پرسه گرنگانه‌ی كه مرۆڤایه‌ت به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه، به‌رپرسیارێتییه‌كان بۆ باشتركردنی ژینگه، ئه‌ركێكی گه‌وره‌یه، بۆ یه‌كه‌مجاره له عێراق به‌جددی كار له‌سه‌ر كێشه و گرفته‌كانی ژینگه ده‌كرێت، وه‌ك ده‌زانرێت گرفته‌كانی شه‌ڕ، ناكۆكییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، شه‌ڕی تیرۆر، پرۆسه‌ی ئازادی، گه‌مارۆكان هه‌مووی به‌سه‌ر عێراقدا هاتوون، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عێراق هه‌بووه".
گوتیشی: "ئێستا دۆخی عێراق سه‌قامگیره و حكومه‌تیش به گرنگییه‌وه كار و پڕۆژه‌ی له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه جێبه‌جێی ده‌كات، بایه‌خی زۆرمان به‌م پرسه پێداوه، شانبه‌شانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌نگاوی باشمان ناوه، به‌ڵام پێویستمان به پشتیوانی لایه‌نی ته‌كنیكی و زانستییە بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی دروست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا هه‌یه".