محەممەد ئیحسان: عێراق کاری جیددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا نەکردووە

K24 - هەولێر
پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "مەترسیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، لە هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زیاترە، بەڵام عێراق هەنگاوی جیددی بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی نەگرتووەتەبەر".
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، د. محەممەد ئیحسان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، باسی لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "کۆپ28" لە شاری دوبەی ئیمارات و بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، "مەترسیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، لە هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زیاترە، چونکە پلەی گەرما بەراورد بە ساڵانی رابردوو دوو هێندە زیادیکردوو و وشکەساڵیش بەهۆی کەمی بارانبارین سەریهەڵداوە لەبەرامبەردا دەرکردنی ماددە ژەهراوییەکان زیادیکردووە".
وەکو ئەوەی د. محەممەد ئیحسان باسی دەکات، "بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رێکاری پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بارودۆخەکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت."
لەبارەی بەشداریکردنی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی "کۆپ28"، د. محەممەد ئیحسان گوتی، "کۆنفرانسەکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە؛ دەروازەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەنگاوی جیددیتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرنەبەر".
ئەمەریکا و چین بە دەردانی زۆرترین رێژەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و ماددە ژەهراوییەکان بۆ نێو بەرگەی هەوا تۆمەتباردەکرێن، ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەکات، زەحمەتە چین هەنگاوەکانی کۆنفرانسەکە جێبێ بکات، "چونکە هەندێک هەنگاو هەیە ئەگەر چین جێبەجێیان بکات، کاریگەریی دەکاتە سەر ئابوورییەکەی و ئەمەریکییەكانیش لەبەر ئەوەی بڕوایان بەم جۆرە کۆنفرانسانە نییە، بڕە پارەیەکی زۆری بۆ خەرج ناکەن".
ئەمڕۆ شەممە، 02-11-2023، لە سێیەم رۆژی کۆنفرانسی گۆڕانکاری کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە "کۆپ28" لە دوبەی ئیمارات، گفتوگۆ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، 1ی ئەم مانگە لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆپ28 لە دوبەی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چەندین سەرۆک و ئەمیر و پادشای جیهان لەبارەی گۆڕانەکانی کەشوهەواوە دیدار و گفتوگۆی هەبوو.
کۆنفرانسی "کۆپ28"، رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، لە دوبەی بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەستیپێکرد.
گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ستراتیژ هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نراوە و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و دەستەی ژینگە جێبەجێدەکرێن.