لوقمان شێروانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە بۆ ژینگە
K24-هەولێر
شارەزایەکی بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە بۆ ژینگە و پێویستە بودجەیەکی باشی لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی هەنگاوی باشتریش بهاوێژێت.
ئەمڕۆ شەممە(2-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لوقمان شێروانی شارەزا لە هۆشیاری ژینگەیی بۆ ژووری هەواڵی کوردستان 24 لە بارەی بارودۆخی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر وەک پسپۆرانی ژینگە بیانەوێت ئاستی پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان بزانن، پێویستیان بەوە هەیە بۆ هەر زۆنێک توێژینەوەیەکی تایبەت بکەن، ئەوکاتە دەتوانن رێژەی پیسبوونەکە بزانن، گوتیشی: بەبێ توێژینەوەی زانستی ناتوانین رێژەی پیسیەکە بزانین، لەگەڵ ئەوەی هەستیپێدەکەین هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ پیسبوونی ژینگە دەنێت، کەچی بە بەراورد بە عێراق، هەرێمی کوردستان زۆر باشترە، چونکە عێراق کێشەی کەمی ئاو و بە بیابان بوون و کۆچی ژینگەی هەیە.
لەبارەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و مەترسیەکانی رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، لوقمان شێروانی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا پیشەسازی وڵاتان و بەرهەمەکانیان وای کرد جیهان دووچاری ئەو بارودۆخە خراپەی ژینگە بێتەوە، گوتی: لە عێراق زیاترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە پاشماوەی جەنگەکانە لەگەڵ کەمی ئاو و بە بیابان بوون، بۆیە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق زۆر دیارن، عێراق ئێستا لە وڵاتە هەرە لە پێشەکانی کارەساتباری ژینگەییە لەسەر ئاستی جیهاندا، بەشێک لەو کاریگەریانەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، دەگاتە هەرێمی کوردستانیش وەک خۆڵبارین کە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.
بەپێ زانیارییەکانی ئەو شارەزایەی ژینگە، لە ساڵی 1990 نزیکەی 25 جار دیاردەی خۆڵبارین لە عێراق تۆمار کراوە، کەچی لە ساڵی 2010 بەدواوە جار هەبووە ساڵی 300 رۆژ خۆڵبارین تۆمار کراوە، ئەو رێژەیەش زۆر سامناکە.
لوقمان شێروانی پێی وابوو جیهان راستگۆ نیە لەوەی کارگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەم بکەنەوە و هەنگاوی بۆ بهاوێژن، گوتی: هەرێمی کوردستان لایەنێک نیە لە پیسبوونی ژینگە و رێژەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەراورد بە وڵاتانی پیشەسازی زۆر کەمە، بەڵام کەمتەرخەمیش نیە، لەبەر ئەوەی رێژەی ئۆتۆمبیڵ زۆرە لەگەڵ مۆلیدەکان، هاوکات پاشماوەکان کە دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، پێشی وابوو حکومەت کاری لە پێشینەکانی بۆ ژینگە جێی دەستخۆشیە و لەگەڵ ئەوەش پێویستی بە باشکردنی کوالێتی بەنزین و هەڵگرتنی مۆلیدەکان و دانانی وزەی خۆر هەیە، سەرباری ریسایکڵینی پاشماوەکان و کەمتر هێنانی ئۆتۆمبێڵ کە دەبنە میکانیزمی باش بۆ پاککردنەوەی ژینگە، ئەو هەنگاوانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام کات و بودجەی پێویستە .
لەبارەی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی رووبەڕووبونەوەی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، لوقمان شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دووجاری شەڕی داعش و بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت بۆوە، ئەو هۆکارانە کاریگەریان هەبوو لەسەر ژینگە، بۆکەمکردنەوەی کارگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە، هەر وڵاتێک پێویستی بە بودجەیەکی باش هەیە، کوردستانیش پێویستی بەو بودجەیە هەیە، لەگەڵ ئەوەش هەنگاوی زۆر باشی ناوە بۆ رووبەڕووبونەوەی پرسی پیسبوونی ژینگە.
گوتیشی: وڵاتە زلهێز و پیشەسازیەکانی جیهان لەگەڵ پرسی ژینگە راستگۆ نین، پێوستە پیسکەرەکان کەم بکەینەوە و پێشبڕکێ نەکەین لەسەر زۆرترین هەناردەکردن ولەپێناو بەرژەوەندی خۆمان پشت لە ژینگە نەکەین، ئەو وڵاتانەی زۆرترین گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەدەنە زەوی، هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن کە زەرەمەندن لە پیسبوونی ژینگە.
کارزان حەیدەر