هێرشی ئیلۆن ماسك بۆ سه‌ر نه‌یارانی داهاتووی سه‌كۆی ئێكس ده‌خاته‌ تای ته‌رازووی مایه‌پووچبوون

ئیلۆن ماسك، خاوه‌نی سه‌كۆی ئێكس
ئیلۆن ماسك، خاوه‌نی سه‌كۆی ئێكس

K24 - هەولێر:

هێرشە زارەکییەکەی ئیلۆن ماسک بۆ سەر ئەوانه‌ی بانگه‌شه‌ی سه‌كۆی "ئێكس" دەکەن، هەڕەشەی لاوازکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە زیاتر دەکات، بەشێوه‌یه‌ك کە ماسك خودی خۆی، تەنها ساڵێک دوای بەدەستهێنانی سه‌كۆكه‌، قسە لەسەر ئەگەری وەستانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە ده‌كات.

به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "هەرکەسێک بیەوێت بە ریکلام و پارە گێچه‌ڵم پێ بکات" له‌ چاوپێکەوتنێکی گشتیدا كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا لە شاری نیویۆرک ده‌ریبڕیوه‌، رەخنەی توندی لێکەوتووه‌ته‌وه‌.

ئیلۆن ماسک ئاماژەی بە ژمارەیەک براندی گەورە كردووه‌، کە رێکلامەکانیان لەسەر سه‌كۆی "ئێكس" راگرتووه‌.

شەپۆلی یەکەمی رێکلامکەران لە مانگی ئابی ئه‌مساڵدا ئەم هەڵوێستەی گرتەبەر، به‌تایبه‌تی دوای ئەوەی رێکخراوی "میدیا مەتەرز" کە رێکخراوێکی ناحکومییە و بەرەنگاری بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هەڵەی میدیایی ده‌بێته‌وه‌، ریکلامەکانی کۆمپانیا گەورەکانی لەسەر حیسابی نازییە نوێیه‌کان ئاشکرا کرد.

هاوكات کۆمپانیاکانی دیكه‌ش لە چەند هەفتەی رابردوودا هه‌مان ئەم کارەیان کردووە، دیارترینیشیان "ئەپڵ" و "دیزنی" بوون، ئەمەش لە وەڵامی پۆستێکی ماسکدا کە تێیدا تیۆری پیلانگێڕی دژەجوولەكه‌ی له‌خۆگرت و دواتریش رەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

هه‌ر چه‌نده‌ ماسك دواتر داوای لێبووردنی كرد سه‌باره‌ت به‌ له‌خۆگرتنی تیۆری پیلانگێڕی دژه‌جووله‌كه‌، به‌ڵام هه‌ر دوای داوای لێبووردنه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ هێرشی كرایه‌ كه‌ وازیان له‌ به‌كارهێنانی سه‌كۆی "ئێكس" هێناوه‌، به‌مه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كاردانه‌وه‌كانی زیاتر ببن و داهاتووی تۆڕی ئێكس بخاته‌ تای ته‌رازوو و ئه‌گه‌ری مایه‌پووچبوونی لێ ده‌كرێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ شاره‌زایانی ئابووری هۆشداری مایه‌پووچبوونیان داوه‌.