ئایدن مەعروف: هەر بڕیارێک بەبێ راوێژ لەبارەی کورسی کۆتاکان بدرێت قبووڵی ناکەین

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئایدن مەعروف رایگەیاند، هەر بڕیارێک بەبێ راوێژی نوێنەری پێکهاتەکان لەبارەی کورسی کۆتاکان بدرێت، وەکو پێکهاتەکان قبووڵی ناکەن و هەڵوێستمان دەبێت.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێویستە بابەتی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان جیا بکرێتەوە لە کێشە سیاسییەکان، نەکرێتە بەشێک لە ململانێی لایەنە سیاسییەکان، چونکە بوونی پێکهاتەکان گرنگە و پاڵپشتییە بۆ پێکەوەژیانی ئاینزاکان و نەتەوەکان".

گوتیشی: "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی زۆری پێکهاتەکانی کردووە، لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێمی کوردستان".

ئایدن مەعروف، ئاماژەی بەوەشدا: "بابەتی پێکهاتەکان بابەتێکی گرنگە و دەبێ بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، گرنگە لەبەرچاو بگیرێت، هەر بڕیارێکی خراپ لەبارەی کورسی کۆتاکان لە دادگای فیدراڵی بدرێت، کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پێکەوەژیان، بۆیە دەبێ دادگای فیدراڵی پێش بڕیاردان تایبەتمەندی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت، لەبەر ئەوەی هەر بڕیارێکی خراپ بدرێت کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی و پێکەوەژیان دەبێت".

راشیگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین کورسی کۆتاکان دابەش بکرێن، چونکە یەکێک لە سکاڵاکان لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو بابەتەیە، هەندێک لایەنی سیاسیش داوای ئەوە دەکەن کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای جوگرافیا دابەش بکرێن، ئەمە کارێکی زۆر هەڵەیە و ئێمە دژی ئەوەین، بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان کۆتاکان وەکو نەتەوە بەشدارن نەک لەسەر بنەمای ئاین، ئەمە جیاوازە لەگەڵ پەرلەمانی عێراق".

ئایدن مەعروف، جەختیکردەوە: "کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کە 11 کورسیە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین وەکوخۆی بمێنێتەوە و هەڵبژاردنی داهاتووش بە یەک بازنە بکرێت، هەموومان دەزانین تورکمان، ئاشووری، کلدان و سریان لە کام ناوچە هەن، زۆرینە تورکمانەکان لە هەولێر پاشان کفرین، هەروەها کلدان، سریان و ئاشووری زۆربەیان لە سنووری هەولێر و دهۆکن، بۆیە پێویست ناکات ئەو بابەتە بکرێتە بابەتێکی سیاسیی و کورسییەکان بەپێی جوگرافیا بەسەر ناوچەکان دابەش بکرێن".

دەشڵێت: "هەر گۆڕانکارییەک بەبێ راوێژ لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان بکرێت، لەبارەی بەشداری پێکهاتەکان لە پەرلەمان جێگەی مایەی قبووڵ کردن نییە و قبووڵی ناکەین و هەڵوێستمان دەبێت، چونکە ئەوە دەستوەردانە لەکاروباری پێکهاتەکان".

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیار لەبارەی دوو سکاڵا بدات کە لە دژی کورسی کۆتاکان تۆمارکراون.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.