بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێک لە ئەندەنوسیا 11 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی رزگارکردنی ناوخۆیی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دوای تەقینەوەی گڕکانێک لە رۆژئاوای ئەندەنوسیا، تەرمی لانیکەم 11 گەشتیار دۆزرایەوە.
عەبدولمەلیک، سەرۆکی دەزگای گەڕان و فریاگوزاری لە پادانگ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێک، 14 کەسمان دۆزیوەتەوە، کە سێیا لە ژیاندا ماون و 11 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە".
بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە رۆژی یەکشەممە، گڕکانێک لە رۆژئاوای ئەندەنوسیا تەقیوەتەوە و بە ستوونی و بە بەرزیی سێ هەزار مەتر خۆڵەمێشی فڕێداوە، بەو هۆیەوە دەیان کەس لەدەورووبەری گڕکانەکە گواستراونەتەوە.

عەبدولمەلەک ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتی 75 گەشتیار هەن کە لە رۆژی شەممەوە لەسەر شاخەکە بوون، تیمی رزگارکەرانیش هەوڵی ژماردنیان دەدەن.
ڕەنگە هەندێک لە گەشتیاران لە کاتی چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لەو ناوچانە بەرپرسان ئاگادار نەکەنەوە، بۆیە ژمارەی راستەقینەی ونبووەکان نادیارە.
بەرپرسی سەنتەری گڕکانناسیی ئەندەنوسیا، هێندرا گوناوان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، خۆڵەمێشەکە لە بەرزی سێ هەزار مەتر لە سەرووی لوتکەی مێراپییەوە دۆزراوەتەوە.
تەقینەوەی گەورەی گڕکانی مێراپی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 280 هەزار کەسیش لە ناوچەکە گواستراونەتەوە.