پەرێز عومەر: چارەنووسی 2640 کچ و ژنی ئێزدی نادیارە

پەرێز عومەر
پەرێز عومەر

K24 - هەولێر

پەرێز عومەر دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار و 640 کچ و ژنی رفێندراوی کورد ئێزدی لە دەستی داعش ماون و چارەنووسیان نادیارە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆنفرانسێکی تایبەت بە کچ و ژنانی ئێزدی لەژێر ناونیشانی "جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، پرسی ژن و کەلتوور" سازکرد.

پەرێز عومەر، یەكێک لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "زیاتر لە دوو هەزار و 640 کچ و ژنی ئێزدی لەژێر دەستی چەکداری داعش ماون؛ لە کاتێکدا هیچ ناوچەیەکیان لەژێر کۆنتڕۆڵدا نەماوە".

بە گوتەی پەرێز عومەر، "ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە هاوکاری کچ و ژنانی ئێزدی بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، چونکە بەشێکی زۆریان هەرچەندە رزگاریش کراون، بەڵام بەدۆخێکی خراپی دەروونیدا تێدەپەڕن".  

پەرێز عومەر ئەو ژنانەی لەدەست داعش رزگارکراون بە "قارەمان و ئازا" ناویان دەبات، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "هەندێکیان لە ماوەی نۆ مانگدا 11 جار فرۆشراون، ئەشکەنجە دراون و ناخۆشی زۆریان بینیوە، بەڵام خۆڕاگربوون و توانیویان خۆیان رزگاربکەن".

ئەو رێکخەرە باسی لەوەش کرد، "دەبێت لە هەموو کوچ و کۆڵانێکی ئەم وڵاتە پەیکەر بۆ ئەو ژنانە دروستبکرێت، چونکە ئەوان قارەمانی گەلی کوردن، بەڵام دیسان پێویستییان بە هاوکارییە بۆ ئەوەی بۆسەر ژیانی ئاسایی خۆیان و ناوچەکانیان بگەڕێنەوە".

نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دەڵێت، داعش لە ساڵی 2014 زیاتر لە شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاندووە؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون.

بەگوێرەی ئاماری نووسینگەکە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 568 کچ و ژنی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون و دوو هەزار و 640 رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

کۆنفرانسێکی تایبەت بە کچ و ژنانی ئێزدی لەژێر ناونیشانی
کۆنفرانسێکی تایبەت بە کچ و ژنانی ئێزدی لەژێر ناونیشانی "جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، پرسی ژن و کەلتوور" بەڕێوەچوو (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)