غەلای: وەزیری دارایی راسپێردراوە بودجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج بکات

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، سوودانی وەزیری دارایی راسپاردووە بودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کۆمیسیۆن بە گوێرەی خشتەی کارکردنی، بەردەوامە لە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

بڕیارە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.

بە گوتەی جومانە غەلای، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕاسپاردووە بودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە خەرج بکات.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە کەرکووک و 14 پارێزگای دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە.

غەلای دەڵێت، تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن زیاتر لە 500 هەزار کارتی بایۆمەتری بەسەر دەنگدەراندا دابەشکردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە. ئاماژە بەوەش دەدات، "کۆمیسیۆن لەسەر ئاراستەیەکی باش کاردەکات و ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە".

گوتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لەوەش کرد، بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، کۆمیسیۆن ئامێرەکانی دەنگدانی "بە سەرکەوتوویی" تاقیکردووەتەوە. گوتیشی، "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەرێگەی دەست و ئامێری ئەلیکترۆنی، دەنگەکان جیادەکرێنەوە".

 

Fly Erbil Advertisment