دروستکردنی کۆرنیشی کەلار جووڵەی گەشتیاریی و بازرگانیی بە دەڤەرەکە دەدات

K24-هەولێر:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دروستکردنی کۆرنیشەکان هەوڵدەدات جگەلە بەخشینی دیمەنێکی جوان و دڵرفێن بە ناوچەکان، هاوکات جووڵەی گەشتیاریی و بازرگانیی دروستبکات.
ئەمڕۆ دوو شەممە(4-ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، پرۆژەی گەشتیاریی کۆرنیشی کەلار لەسەر رووباری سیروان لە گەرمیان جێبەجێدەکرێت، پێشبینیش دەکرێت پرۆژەکە جووڵەیەکی گەشتیاریی و بازرگانیی بە دەڤەرەکە بدات.
چۆمان فەلاح، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنان لە گەرمیان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، پرۆژەی گەشتیاریی کۆرنیش لەسەر رووباری سیروان لە سنووری گەرمیان لە چەند کەرتێک پێکدێت وەکو،نیشتەجێبوون و تەندروستی و گەشتیاریی و بازرگانی، پرۆژەیەکی لەم جۆرەش یەکەمجارە لە قەزای کەلار جێبەجێ بکرێت، بە تەواوبوونی، هەلیکار و جووڵەی بازرگانیی و گەشتیاریی لە ناوچەکە دروستدەکات.
محەمەد عەزیز رێگەپێدراوی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە، پرۆژەی کۆرنیشی کەلار،1450 مەتر درێژ و 170 مەتر پان دەبێت، لەنێو پرۆژەکە مۆڵ و خانەی بازرگانیی و شوێنی گەشتیاریی تێدا دەبێت .
رۆژی دووشەممە 14-ی یابی 2023 سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە زاخۆ پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلالی کردەوە..
پڕۆژەی گەشتیاریی کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، درێژی پرۆژەکە 1500 مەترە لە هەردوو دیوی رووباری خابوور، لەناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژی 73 مەتر و بەرزی 3.5 مەتر دروستکراوە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی زیاتر لە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە %70ی رووبەری پڕۆژەکە لە سەوزایی پێکهاتووە.
کارزان حەیدەر