بەشێکی دانیشتووانی کۆمەڵگەی بەردەقارەمان دژی شاسوار عەبدولواحید گردبوونەوە

K24 – بەردەقارەمان:
دانیشتوانی شارەدێی بەردەقارەمان لە سنووری سلێمانی دژی شاسوار عەبدولواحید گردبوونەوە بە گوتەی خۆیان ساڵی رابردوو شاسوار بەڵێنی پێدابوون یاریگاكەیان بۆ نۆژەنبكاتەوە، بەڵام دەڵێن: "یاریگاكەی تێكداوە و ساڵێك تێدەپەڕێت نەك ھەر نۆژەننەكراوەتەوە بەڵكو وەڵامی پەیوەندی و داواكارییەكەشمان ناداتەوە".
وەرزشکاران و دانیشتووانی بەردەقارەمان لەو یاریگایە کۆبوونەتەوە کە شاسوار عەبدولواحید بەڵێنى نۆژەنکردنەوەى پێدابوون، بەڵام نەک بۆى نۆژەن نەکردنەوە بەڵکو یاریگاکەشى تێکداوە و بەجێیھێشتووە. وەرزشکاران دەڵێن "شاسوار سەرەتا بەڵێنیدا نیوەى تێچووەکەى لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام دواتر بەڵێنى دا هەموو تێچووەکەى لە خۆ بگرێت و ئێستاش دواى ساڵێک تەنها 20% کارەکانى بۆ تەواوکردوون و وەڵامیشان ناداتەوە".
عەبدوڵڵا خدر، دانیشتووی شارەدێی بەردەقارەمان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، سەرەتا شاسوار عەبدولواحید هات، گوتی: "کاکە رێگریم لێ دەکرێ من بۆیە پڕۆژەکە ناکەم". ئێمە چووین لە ڕێی قایمقام و ئاسایشەوە مۆڵەتمان بۆ وەرگرت مۆڵەتیان پێداین کە رێگا لە شاسوار نەگرن، بە شاسوارمان گوت رێت لێ ناگیرێ لیژنەکەی خۆی نارد و گوتی: "من نیوەی دەکەم". دوای کە زانی رێی لێ ناگیرێ گوتی: "کاکە هەمووی دەکەم". لەوە دڵنیا بوو کەس ڕێی لێ ناگرێ بەڵام 20% یاریگاکەی بەجێهێشتوو و رۆشت ساڵێک زیاترە تا ئێستا نەهاتووەتەوە.
شاسوار عەبدولواحید لە کۆى 30 ملیۆن دینار کە بۆ یاریگاکە خەرج کراوە، تەنها 26 ملیۆنى داوە ئەوەش دواى 9 مانگ، لە کاتێکدا نۆژەنکردنەوەى یاریگاکە 126ملیۆن تێدەچێت و هەموو کارئاسانیەکیشى بۆ کراوە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانى شارەدێی بەردەقارەمانەوە.