لاڤرۆڤ و عه‌بدوڵڵاهیان تاووتوێی بارودۆخی غه‌ززه ده‌كه‌ن
K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاماژه به‌وه ده‌كات سێرگی لاڤرۆڤ چاوی به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كه‌وتووه و بارودۆغی غه‌ززه و پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوانیان تاووتوێ كردووه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 5ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له مۆسكۆ چاوی به حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كه‌وتووه و تاووتوێی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوانیان و ئاسۆكانی دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانی گشتگیری هاوبه‌شی چاره‌سه‌ركردنی پرسی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری هه‌رێمی و ناوچه‌ییان كردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا روونیشیكردووه‌ته‌وه، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه تایبه‌ت بووه به بارودۆخی غه‌ززه و چاره‌سه‌ركردنی پرسی ململانێی نێوان فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیل.
هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره تایبه‌ت بووه به واژۆكردنی جاڕنامه‌ی رووسی – ئێرانی سه‌باره‌ت به میكانیزمه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پاشماوه نه‌رێنییه‌كانی رێككاره تاكلایهنییه زۆره‌ملێكان و قهرهبووكردنهوهكهیان وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر فشاری سزا سه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر هه‌ردوو وڵات.
هه‌ر یه‌ك له لاڤرۆڤ و عه‌بدوڵڵاهیان له مۆسكۆ و له‌میانی به‌شداریكردنیان له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ده‌ریای قه‌زوین رووسیا، ئێران، كازاخستان، ئازربایجان و توركمانستان چاویان به‌یه‌كدی كه‌وتووه.