بەشی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و دیپلۆماسی لە عێراق دەکرێتەوە

K24 - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەشی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و دیپلۆماسی لە بەغدا کراوەتەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "بۆ ئاسانکردنی رێکارەکان و لابردنی ئاستەنگەکان و کەمکردنەوەی رۆتین، بە ئامادەبوونی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ دابینکردنی زانیاری تایبەت بە عێراقییەکانی هەندەران کرایەوە".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، بەشی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و دیپلۆماسی کراوەتەوە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە رایگەیاند، رۆژانە پەیوەندییان لەگەڵ هاووڵاتییان و سەرجەم باڵیۆزخانەکانی عێراق دەبێت، دووپاتیشی کردەوە کە ئەم خزمەتگوزارییە دەستکەوتێکی نوێیە بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزەکان گفتوگۆی کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کۆچبەرانی عێراقی وەک کێشەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وچەندین کێشەی دیکە.
ئا: لاڤین عومەر