تاكو ئێستا 76 رۆژنامه‌نووس له جه‌نگی غه‌ززه كوژراو و برینداربوونه

K24 - هەولێر:
لەوه‌ته‌ی شەڕی ئیسرائیل و حەماس له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه، 74 رۆژنامەنووس کوژراون و برینداربوونە.
رێکخراوی لیژنەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان بڵاویکردەوە، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماس تاكو ئێستا، 63 رۆژنامەنووس و کارمەندی راگەیاندن کوژراون و 11 رۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوونە.
ئاشکراشی دەکات، ئەو رۆژنامەنووسانەی کوژراون، 56ـیان فەڵەستینین، چواریان ئیسرائیلین و سێ رۆژنامەنووسی دیکەش لوبنانین.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا 19 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و سێ رۆژنامەنووسی دیكه بێسەروشوێنن.
جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو هه‌ڵگیرسا، بووه هۆی كوژرانی 1400 ئیسرائیلی و زیاتر له 16248 فه‌ڵه‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه، كه زۆربه‌ی كوژراوه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ژن و منداڵن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئیسرائیل به‌ڵێنی داوه بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناو ببات.
پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل له یه‌كه‌م كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی دوای كۆتاییهاتنی ئاگربه‌ستی حه‌وت رۆژه‌ی مرۆیی غه‌ززه رایگه‌یاندبوو، ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکان بەردەوامی پێدەدەین، چونکە بەبێ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ناتوانین ئامانجەکانی شەڕ بەدیبهێنین.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، سه‌ربازانمان له‌ماوه‌ی ئاگربه‌ستدا ئاماده‌كاری ته‌واویان بۆ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر حه‌ماسدا كردووه.
گوتبوشی: "ئامانج له به‌رده‌وامی شه‌ڕی غه‌ززه بریتیه له كۆتاییهێنان به حه‌ماس و ئازادكردنی ته‌واوی بارمته ئیسرائیلییه‌كان".