بایدن: نابێت رێگه بده‌ین پوتن سه‌ربكه‌وێت

K24 – هەولێر:
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایده‌گه‌یه‌نێت، نابێت پشتیوانییەکانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆکرانیا رابگیرێن، چونکە ئەگەر ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە داگیربکرێت، پوتن لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەردەوام دەبێت. گوتیشی: " نابێت رێگه بده‌ین پوتن سه‌ربكه‌وێت".
جۆ بایدن دەشڵێت، داوا لە کۆنگرێس دەکه‌م پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی ئۆکرانیا پەسند بکات.
سەرۆکی ئەمه‌ریکا هه‌روه‌ها گوتی: "دەبێت کۆنگرێس پێداویستییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا و هاوبەشانیشمان بە بەرز رابگرێت، نابێت ئەمە دوابخرێت و پێویستە کۆنگرێس پارەدارکردنی ئۆکرانیا پەسندبکات بەرلەوەی پشوو دەستپێبکات".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "رووسیا خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا و هەزاران منداڵی ئه‌و وڵاته دەڕفێنێت، هێزەکانی رووسیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن".
ئه‌وه‌شی گوت: "کێ ئامادەیە لە لێپرسینەوەکردن لە پوتن پاشگەزبێتەوە؟ لە ئەمه‌ریکا کێ ئامادەیە پشت لە ئۆکرانیا بکات؟ من ئامادەنییم و بڕوا ناکەم خەڵكی ئەمه‌ریکاش ئامادەبن، ئەگەر پوتن ئۆکرانیا داگیر بکات لەوێ ناوەستێت، ئەگەر هێرشبکاتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، ئێمە بەرگری لە خاکی ناتۆ دەکەین".
ده‌شڵێت: "نابێت رێگەبدەین پوتن سەربکەوێت، ئەمە لەبەرژهوەندی نیشتمانی و بەرژوەندی نێودەوڵەتی هەموو هاوپەیمانانماندایە."
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.