ئومێد سەباح: كەركووك مافی خۆیەتی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت و ئیدارەیەكی شایستە هەڵبژێرێت

K24 - هەولێر:
ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیشە ئاماژە بەوە دەكات كەركووك مافی خۆیەتی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت و ئیدارەیەكی شایستە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 7ـی كانوونی یەكەمی 2023) ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان24 لە كەركووكەوە، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە جۆشوخرۆش و كۆبوونەوەی جەماوەری كەركووك بە دەوری بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە دەربڕی.
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەوان وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لیستێكی هاوبەشیان لەگەڵ عەرەب و توركمان پێكهێناوە، ئامانجیانە هەمووان لە دەوری ئەو بەرنامەی كاری ئەو لیستە نیشتمانییە كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە كەركووك و خەڵكی رەسەنی شارەكە بكەن.
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد، پەیامی پارتی لەژێر فەرمانی سەرۆك بارزانی، بریتییە لە پەیامی خزمەتكردن و مەرجی ئەوان بریتییە لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كەركووك و دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و دەركەوتنی ئەنجامەكانی، لەگەڵ هێزەكانی دیكە كار دەكەن بۆ ئەوەی خزمەتی شارەكە و خەڵكەكەی بكەن.
ئومێد سەباح كە هاوكات سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیشە ئومێدەوار بوو دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەدات و خەڵكی كەركووك لەو مافەیان بێ بەش نەكات. گوتیشی، كەركووك مافی خۆیەتی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت و ئیدارەیەكی شایستە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
ئومێد سەباح لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەكەی قۆناغی سێیەمی قەرزەكەی حكومەتی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی كوردستان بەمەستی دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمیان بۆ ئەو پرسە راسپاردووە بەڵكو هەر چی زووە حكومەتی فیدڕاڵ ئەو بڕە پارەیە بنێرێت. روونیشیكردەوە رێكارەكان لە بەغدا تەواو بووە، بەڵام هەندێك رێككاری دیكەی لاوەكی هەیە كە پەیوەندی بەو سێ بانكەوە هەیە كە پارەكە دابین دەكەن.