حاكمی ویلایه‌تی فلۆریدا به‌هۆی پێچوواندنی دیشداشه‌ی عه‌ره‌بی به فستانی ئافره‌تان رووبه‌ڕووی ره‌خنه ده‌بێته‌وه
K24 - هەولێر:
حاكمی ویلایه‌تی فلۆریدای ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی پێچوواندنی دیشداشه‌ی عه‌ره‌بی به فستانی ئافره‌تان رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌وه.
رۆناڵد دۆن دیسانتیس (Ronald Dion DeSantis)، حاكمی فلۆریدا له چواره‌مین و دوایین دیبه‌یتی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، كاتێك له باره‌ی عێراقه‌وه پرسیاری لێ كرا سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یه‌ی له‌دوای پڕۆسه‌ی "داگیركاری" له ساڵی 2003 له عێراق خزمه‌ت كردووه، گوتی: "چه‌كدارانی رێكخراوی قاعیده جلوبه‌رگی فه‌رمیان نه‌ده‌پۆشی و جلوبه‌رگیان وه‌ك هی هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی بوو، مرۆڤ نه‌یده‌زانی جیاوازی له‌نێوان ئه‌وان و پیاوانی دیكه‌ی عێراق بكات، بۆیه هه‌موو ده‌م گومان ده‌كرا، هه‌ر كه‌س بۆمبێكی به‌ده‌سته‌وه بێت یانیش به‌خۆوه لكاندبێت و له به‌رده‌متدا بته‌قێته‌وه."
دیسانتیس له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی له دیبه‌یته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه دیشداشه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باوه و پیاوانی عه‌ره‌ب ده‌یپۆشن كه تینی گه‌رمایان له‌سه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه و به پێكه‌نین و گاڵته‌وه گوتوویه‌تی "شوێنی عه‌یب"ـیان داده‌پۆشێت.
دیسانتیس به گاڵته‌یه‌كی زیاتره‌وه گوتبووی، دیشداشه به "فستان"ـی ئافره‌تان ده‌چێت و نه‌رم و سپی و سه‌رنجڕاكێشه!
ئه‌م ده‌ربڕین و پێچوواندنانه‌ی دیسانتیس له‌لایه‌ن میدیای ئه‌مه‌ریكی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووی ره‌خنه و سه‌ركۆنه‌یه‌كی زۆر بووه‌وه.
رۆناڵد دۆن دیسانتیس ساڵی 1978 له شاری جاكسۆنڤێڵ له ویلایه‌تی فلۆریدا له دایك بووه و ئه‌ندامی پارتی كۆمارییه و به‌ربژێره بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2024ـدا و یه‌كێكه له سه‌رسه‌خترین ركابه‌ره‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا و له‌و باره‌یه‌وه تره‌مپ هۆشداری داوه له هه‌ڵكشانی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی دیسانتیس.