کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر: زۆر خەمباربووم بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران

رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە سۆران
رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە سۆران

K24 - هەولێر:

ئەمشەو هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. لەمبارەیەوە، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران کرد.

کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر رایگەیاند، زۆر خەمباربووم بەم ئاگرکەوتنەوەی سۆران کە چەندین قوربانی لێکەوتەوە.هاوکات ئاماژەی بەوەدا، سەرەخۆشی و هاوسۆزی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانییان و کەسوکاریان دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوەی زووش بۆ برینداران دەخوازێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی راگەیەندراوێکدا پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران کرد و رایگەیاند، خودای گەورە لە گوناهی مردووەکان خۆشبێت و شیفای بریندارەکان بدات.

لەمیانەی راگەیەندروێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەدا، "بەڕێزان لە سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و خانەوادەی قوربانییەکان بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەهۆی سوتانی یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە سۆران ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە".

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی زانکۆی سۆران و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین، ھیوادارین خودای گەورە شیفای بریندارەکان بدات و لە مردووەکان خۆشبێت و بە بەھەشتی خۆی شادیان بکات.

لەلایەن خۆیەوە کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین - هەولێر پرسەنامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و خانەوادەی قوربانییەکان کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر، کامەران یونس، سەرکۆی زانکۆکە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و بنەماڵەی قوربانییەکان کرد. ئاماژەی بەوەدا، ھیوادارین خودای گەورە شیفای بریندارەکان بدات و لە مردووەکان خۆشبێت و بە بەھەشتی خۆی شادیان بکات.

هاوکات سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیش لە میانەی راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمشەو هەواڵی گیانلەدەستدانی 14 کەس بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو باڵەخانەیەکی قەزای سۆران هەمووانی خەمبارکرد، کە لەناویاندا مامۆستا و خوێندکاری تێدایە.

ئاماژی بەوەشدا، بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە کەسوکاری قوربانییەکان و ئازیزانیان دەکەین، زۆر دڵتەنگ بووین بەو رووداوە دڵتەزێنە کە روویداوە و لێرەشەوە ئامادەیی زانکۆی سلێمانی بۆ هەر هاوکارییەک دەردەبڕین کە لە توانای زانکۆماندا بێت و، خوای گەورە قوربانییانی ئەو رووداوە ناخ هەژێنە بە بەهەشت شاد بکات و سەبوری کەسوکارییان بدات و شیفای بریندارەکانیش بدات.

هەروەها سەرکاری سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی پرسەنامەیکی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران کرد و گوتی: بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمشەو بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەشاری سۆران 14 ھاووڵاتی و قوتابی و مامۆستا بەهۆی ئەم رووداوەوە سووتان و حەوت کەسیش بریندار بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەدا، تیمەکانی فریاکەوتن و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی ئاشتی لەشاری سۆران بۆ چارەسەرکردن و وەرگرتنی قوربانییانی ئەم کارەساتە لە ئامادەباشیدا بوون و بەردەوامن لە کاری پێویست بۆ چارەسەری برینداران، خودای گەورە قوربانیانی ئەم ڕوداووە بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و هیوای چارەسەری تەواو بۆ بریندران دەخوازین.

لەلایەکی دیکەوە شاهۆ عوسمان کەریم، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆی سۆران کرد.

جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی، گوتی: بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە مامۆستان و قوتابییانی زانکۆی سۆرانمان بیست، لێرەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان بۆ کەس وکاری قوربانییەکان و زانکۆی سۆران و ئیدارەی سۆران  رادەگەیەنین.

گوتیشی: لەخودای گەورە داواکارین جێگەی مردووان بەهەشت بێت و خوای گەورە سەبوری هەموولایەک بدات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، هاوکات ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و بریندارەکان و ئیدارەی سۆران.

ئەمشەو هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

راستەوخۆ دوای رووداوەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوونی رووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەکەی سۆران، لە رێی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیی بە هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە کرد.

سەرۆکوزیران مەسرور بارزانی وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بکەن.