كۆریای باشوور: بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی "ئافره‌تانی چێژ"ـی‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌ ژاپۆن یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌

ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت و كچی كۆری له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ژاپۆنی له‌ كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانی
ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت و كچی كۆری له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ژاپۆنی له‌ كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانی

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باشوور رایده‌گه‌یه‌نێت بڕیاری ئه‌م دوواییانه‌ی دادگای سیئۆل بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ئافره‌تی كۆریای باشوور له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ كه‌ قوربانی كۆیلایه‌تی سێكسین له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ و تۆكیۆ بۆی نییه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی بۆ بكات.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 9ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باشوور رایگه‌یاند، بڕیاری ئه‌م دوواییانه‌ی دادگای سیئۆل بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی 16 ئافره‌تی كۆریای باشوور له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ كه‌ قوربانی كۆیلایه‌تی سێكسین له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ و تۆكیۆ بۆی نییه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی بۆ بكات.

له‌لایه‌ خۆیه‌وه‌ یۆكۆ كامیكاوا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن رایگه‌یاندووه‌، ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای سیئۆل هه‌رگیز قبووڵكراو نییه‌. هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باشوور ده‌ڵێت، مادام تۆكیۆ تا ئێستا تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی بۆ بڕیاره‌كه‌ نه‌كردووه‌، كه‌ له‌ 23ـی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا ده‌رچووه‌، بۆیه‌ ژاپۆن بۆی نییه‌ له‌مه‌ودوا تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی بۆ بكات و بڕیاره‌كه‌ بووه‌ته‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باشوور ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، حكومه‌ته‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نامووسی ئافره‌تانی وڵاته‌كه‌ی كه‌ به‌ "ئافره‌تی چێژ" ناو ده‌برێن و له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا كۆیلایه‌تی سێكسیان بۆ سه‌ربازانی ژاپۆنی كردووه‌ و ژماره‌یان 200 هه‌زار ده‌بوو.

رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 23ـی تشرینی دووه‌می 2023) دادگای كۆریای باشوور دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی هه‌شتا ساڵ به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، فه‌رمانی به‌ حكومه‌تی ژاپۆن كرد قه‌ره‌بووی ماددی 16 ئافره‌تی كۆری بكاته‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربازانی سوپای ژاپۆنی ناچار به‌ "كۆیلایه‌تی سێكسی" كراون و هه‌ر یه‌كێكیان به‌ ناچاری له‌ قه‌به‌ڵ 70 سه‌ربازی ژاپۆنی كراون.

ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای كۆریا، بڕیارێكی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ری دادگایه‌كی سه‌ره‌تایی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، كه‌ داواكاری ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ره‌ت كردبووه‌وه‌، كه‌ پێیان ده‌گوترێت "ئافره‌تانی موتعه‌"، دوای ناچاركردنیان به‌ له‌شفرۆشی له‌ ماڵه‌كانی سه‌ر به‌ سوپای ژاپۆنی له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا.

دادگای سه‌ره‌تایی سیۆل له‌ 21ـی نیسانی 2021 داواكارییه‌كی له‌م شێوه‌ی ئه‌و 16 ئافره‌ته‌ ره‌ت كرده‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان له‌ ژیاندا نه‌ماون و له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كانیانه‌وه‌ داواكارییان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان پێشكه‌ش به‌ دادگاكه‌ كردبوو. پاساوی دادگای سه‌ره‌تایی سیۆل په‌یوه‌ست بوو به‌ پرسی "پارێزبه‌ندی سه‌روه‌ری ژاپۆن و پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ په‌سند بكات، ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ڵچوونی گرژی دیپلۆماسی له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا.

به‌ڵام دادگای باڵای سیۆل پاساوه‌كانی دادگا سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت و رایگه‌یاندووه‌، بۆ بابه‌تێك و ره‌فتارێكی نایاسایی، نابێت س"پارێزبه‌ندی سه‌ره‌وه‌ری" له‌به‌رچاو بگیرێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌رمانی كردووه‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌و 16 ئافره‌ته‌ی سكاڵایان پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ بۆ هه‌ر یه‌كێكیان بڕی 141 هه‌زار یۆرۆی داناوه‌.

ئه‌م پرسه‌ به‌شێكه‌ له‌ ململانێی مێژوویی په‌یوه‌ندیدار به‌ سه‌رده‌می حوكمی كۆڵۆنیالزیم له‌ نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1910 – 1945 و بووه‌ته‌ هۆی تێكچوون و زیانگه‌یاندن به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووه‌قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر.