بنکەکانی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن 'هێزێکی ئەمنی هاوبەشەوە' دەپارێزرێن

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان: بنکەکانی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن هێزێکی ئەمنی هاوبەشەوە دەپارێزرێن
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان: بنکەکانی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن هێزێکی ئەمنی هاوبەشەوە دەپارێزرێن

K24 - هەولێر

هەردوو شاندی ئەمنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتن بنکەکانی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن هێزێکی ئەمنی هاوبەشەوە بپارێزرێن و رێگری لە دەنگدەران نەکرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە پێکهێندراوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و، لەگەڵ شاندێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆییەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، کۆبووەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە؛ تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کە هاوکات ئەندامی شاندە ئەمنییەکەی عێراقە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بوو لە ناوچەکانی سەر بە ماددەی 140، بەتایبەت لە کەرکووک، نەینەوا و دیالە، چونکە ئەوە ناوچانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگیی خۆیان هەیە".

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. دوو رۆژ پێشتریش، واتا رۆژی 16ـی هەمان مانگ، هەڵبژاردنی تایبەت و ئاوارەکان بەڕێوەدەچێت.

بە گوتەی خەفاجی، کۆبوونەوەکە "بەرهەمداربوو و گتفوگۆمان کرد لەسەر پەرەدان بە هەماهەنگییە ئەمنییەکەی نێوانمان" و "داوامانکرد هەردوو ژووری ئۆپەراسیۆنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام لە پەیوەندیدابن بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە نەهێڵدرێن کە لەوانەیە لە رۆژی هەڵبژاردن بێنە پێشمانەوە".

وەکو ئەوەی خەفاجی باسی کرد، لە هەردوو رۆژی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، "بەهیچ شێوەیەک قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ راناگەیەندرێت".

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین؛ 41%یان لە سنووری هەولێر، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، کە ئەندامی شاندە ئەمنییەکەی هەرێمی کوردستانە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، "ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپــەکانـــی هـــەرێمی کوردســتــان، رۆژی شــــەمــمە، 16-12-2023، لەگەڵ دەنگدانی تایبەت، دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن".  

لیوا تارق گوتی، لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگاکانی عێراق "لەسەر پلانێکی زۆر باشی ئەمنی رێککەوتووین بۆ ئەوەی ئەو بنکانەی دەنگدان کە دەکەونە ناوچە جێناکۆکەکان، لەلایەن هێزێکی هاوبەشی ئەمنییەوە بپارێزرێن".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، "هەموو بازگەکانی نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرووی ئاوارە و هاووڵاتییانی کورد-دا کراوە دەبن و، دەنگدەران دەتوانن بەبێ کێشە بچنە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و ناوچەکانی دیکە و دەنگ بدەن".

 

Fly Erbil Advertisment