هەفتەیەک پشووی فەرمی لە عێراق راگەیەندرا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکانی عێراق دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق لەمیانەی راگەیەندراوێکدا وادەی دەستپێکردنی پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکانی عێراق راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، رۆژی سێشەممەی داهاتوو (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە قوتابخانەکان پشووی فەرمی دەبێت.

هاوکات باسی لەوەشکرد، پشووەکە تەنیا بۆ ماوەی یەک هەفتە دەبێت و بەمەرجێک دەوامکردن رۆژی چوارشەممەی داهاتوو (20ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەستپێبکاتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، راگرتنی کاتەکانی دەوام لە ئێستادا بەهۆی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

Fly Erbil Advertisment