وەبەرهێنەرانی ئازەربایجان و تورکیا دێنە هەرێمی کوردستان

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی تورکیا و ئازەربایجان
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی تورکیا و ئازەربایجان

K24-هەولێر:

چەند خاوەنکارێکی نوێی تورکیا و ئازەربایجان بە سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان پرۆژەی وەبەرهێنان ئەنجامدەدەن.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ( 10ی کانوونی یەکەمی 2023)، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە چەند بازرگانێکی ئازەربایجان و تورکیا کردووە کە بەمەبەستی سەرمایەگوزاری هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتەکە، لە دیداری نێوان وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەبەر‌هێنەرانی تورکیا و ئازەربایجان، باس لەو سێکتەرانەکراوە کە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو دوو وڵاتە دەتوانن لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری تێدابکەن، لەگەڵ ئەو پشتیوانی و هاوکاریەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشیان دەکات  لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان.

لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاری کارو بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پیشخستنی ئابووری کوردستان و هاوکاری بارزگانان باسکرد بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری هەرێمی کوردستان، جگەلەوەی ڕێنمایی پێویستی بە وەبەرهێنەرانی تورکیا و ئازەربایجان دا، هاوکاری و پشتیوانی بۆ دووپاتکردنەوە لەچوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان و، بەپێی پێویستی بازاڕی هەرێمی کوردستان.

کارزان حەیدەر