هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و فیدراڵ تاوتوێی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووانیان کرد

K24 – هەولێر:
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق کۆبووەوە، لە میانەی کۆبوونەوەی نێوانیان تاوتوێی پرۆسەی سەرژمێریان کرد جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی حكومەتی عێراق كۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەت و سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم و سەرۆكی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەییبوون گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لەعێراق و هەرێمی كوردستان كرا.
لەبەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم دووپاتیكردەوە؛ هەرێمی كوردستان پاڵپشتی ئەو سەرژمێریەیە کە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی ووڵات ئەنجام دەدرێت، هاوکات دەبێت دوور بێت لەمەرام و دەستوەردانی سیاسی و بەكارهێنانی وەك فشاری سیاسی بەرامبەر هەرێمی كوردستان.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەم سەرژمێریە بەدوورە لەكاریگەری سیاسی و فاكتەرێكی گرنگیش دەبێت بۆ پەرەپێدانی ووڵات و گەیاندنی خزمەتگوزاری .
هەروەها ئاماژە بە گرنگی پرۆسەی سەرژمێری کرا لەتەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە لەسەر بنەمای خواست و ئەو پلانە بێت كە لەنێوان هەردوولادا هەنگاونراوە و هەموو ئەو گرفت و كەموكوڕیانەش چارەسەربكرێن كە دێنە بەردەم سەرخستنی پرۆسەكە.