وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ کوردستان24: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە
K24 – برۆکسل:
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل رایگەیاند، وڵاتەکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن.
لە برۆکسل کۆتا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، هاوکات هەر ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکان ئەنجام دەدەرێت. وابڕیارە لەکۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو سێ شەڕەی ئێستا بەرۆکی جیهانی گرتووە، شەڕی حەماس و ئیسرائیل، شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان.
لەلایەن خۆیەوە، کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لێدوانیێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "پێویستە فشار بکەین بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی درێژخایەن. ئەمەش شتێکی نوێ نییە و لەسەرەتای شەڕەکەوە هەڵوێستی فەرەنسا بەو شێوەیە بووە، لە دەنگدانەکانیشمان لە نەتەوەیەکرگتووەکان ئەمەمان دووپاتکردووەتەوە، پلانی جێگرەوەش لەو بارەیەوە نییە. پێویستە لەسەر ئەو پرسە یەکگرتووبین و ئەمە زۆر گرنگە و مەرجی پێشوەختەیە بۆ چارەسەری سیاسی".
هەروەها جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە بوو ئاماژەی بەوەکردووە، پاش ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێشنیازی ئاگربەست بۆ شەڕی غەززە رەتکرایەوە، ئەوان هەوڵ دەدەن زیانە مرۆییەکان لەغەززە کەمتربکەنەوە.
جۆزێف بۆرێل ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆردوومانەکان زۆر بە چڕی بەردەوامن. ئێمە لە کۆبوونەوەی حەوت رامانگەیاند، نابێت ئیسرائیل هەمان تاکتیک لە باشوور بەکاربهێنێت، کە لە باکووری غەززە بەکاریهێناوە. بەڵام هەمان شت دەکات و بگرە خراپتریشە. بۆیە ژمارەی قوربانی مەدەنییەکان بەردەوام روو لە زیادبوونە. وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پێویستە، ئەگەر ئاگربەستیش نەبێت، چونکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند نەکرا، لەسەر چەند رێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوەی رێکبکەون بۆ نەهامەتییە مرۆییەکانی غەززە."
پێش هاتنی پشووەکانی سەری ساڵ بەرپرسانی ئەوروپا تەنیا ئەم هەفتەیەیان لەژێر دەستماوە بۆ ئەوەی بڕیاری گەورە و یەکلایکەرەوە بدەن. هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی دووەم ئاگربەست لەغەززە ئەنجام بدرێت، دەربارەی ئۆکرانیاش وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بڕی 50 ملیار یۆرۆ لەماوەی چوار ساڵدا پێشکەشی ئۆکرانیا بکەن. وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیاخو ئازەربایجانیش بانگهێشتی برۆکسل کراون بۆ ئەوەی شەڕی نێوانیان بەتەواوی بوەستێنن.