جۆزێپ بۆرێل: وێرانبوونی غه‌ززه زۆر گه‌وره‌تره له وێرانبوونی ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه

K24 - هەولێر:
به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بارودۆخی غه‌ززه به كاره‌سات و مه‌ترسیدار ناوده‌بات و ده‌شڵێت، وێرانبوونی كه‌رتی غه‌ززه به‌شێوه‌یه‌كه كه گه‌وره‌تره له‌و وێرانبوونه‌ی ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه به‌خۆیه‌وه بینی.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 11ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) جۆزێپ بۆرێل، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا دوای سه‌رۆكایه‌تیكردنی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، وه‌ڵامی سوپای ئیسرائیل له دژی هێرشه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له 7ـی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا، به‌شێوه‌یه‌كه هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكرێت كه چه‌ند قوربانی سڤیلی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه!
بۆرێل هه‌روه‌ها وێرانبوونی غه‌ززه‌ی به گه‌وره‌تر له وێرانبوونی ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه ناوبرد و راشیگه‌یاند، یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر به ره‌فتاری توندوتیژئامێزی خێوهتگهنیشینه توندڕۆكانی كه‌ناری رۆژئاوا نیگه‌رانه. هه‌روه‌ها سه‌ركۆنه‌ی حكومه‌تی ئیسرائیلی كرد له په‌سندكردنی دروستكردنی 1700 یه‌كه‌ی نوێی نیشته‌جێبوون له قودس، كه یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌م بڕیاره به پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌زانێت.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له 16 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه، كه زۆربه‌ی كوژراوه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.