پرسی له‌باربردنی منداڵ له ئه‌مەریكا دەبێتە مژاری گەرمی نێو کۆمەڵگە و سیاسییەکان
K24 - واشنتن
پرسی له‌باربردنی منداڵ له ئه‌مەریكا بابه‌تێكی دیاری نێو كۆمه‌ڵگه و سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌یه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌بێته مژارێكی گه‌رمی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌پێی راپرسییهكان زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌مەریكا له‌باربردنی منداڵ به مافێكی ژنان ده‌زانن، به‌ڵام محافزكارهكان دژی ئه‌وه‌ن و پێیان وایه له‌گه‌ڵ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه ناگونجێت و پێشێشلكردنی ئازادی بوونی كۆرپه‌له‌یه.
دادگای باڵای فیدراڵی ئه‌مەریكا ده‌سه‌ڵاتی به ویلایه‌ته‌كان داوه به راپرسی قه‌ده‌غه یان یاسایی بوونی له‌باربردنی منداڵ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، ئێستا له زۆربه‌ی ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی دیموكراته‌كان تێیدا زۆرینه‌ن رێگه‌ی پێده‌درێت، له ویلایه‌ته‌كانی زۆرینه كۆمارییش قه‌ده‌غه یاخود مه‌رجدار كراوە.
چالاكی دوو ره‌وتی ناکۆک لەسەر پرسی له‌باربردنی منداڵ، لە به‌رده‌م كۆنگرێس زۆر شوێنی دیكه‌ی ئه‌مەریكا بەردەوام ده‌بینرێت. بەشێک له كچ و كوڕان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانیان پشتگیری له له‌باربردنی منداڵ ده‌كه‌ن.
سێڤێنا، یەکێکە لەو ئافرەتانەی پشتگیری لە لەباربردنی منداڵ دەکات و بۆ ئەوەش هاتووەتە بەردەم کۆنگرێس، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "پێم وایه ژنان ده‌بێت مافی پاراستنی ته‌ندروستی خۆیان هه‌بێت و ده‌ستیان به هه‌موو شتێك بگات، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی پیاوان كه ده‌بێت هه‌یان بێت، بۆ ده‌بێت رێگری لە ژنان بكرێت؟ هیچ گرنگییه‌ك له‌وه دانییه رێگری له ژنێك بكرێت له رزگاركردنی ژیانی خۆی له‌پێناو كۆڕپهلهیهك كه هێشتا له‌دایك نه‌بووه."
مارگێت هۆم، یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا و دەڵێت: "من پێم وایه له‌باربردنی منداڵ ده‌بێت یاسایی بێت، چونكه ئه‌مه بژارده‌ی خودی ژنه‌كه‌یه ئه‌و بڕیارده‌دات كۆرپه‌له‌ی هه‌بێت یاخود نا".
كه‌میش نین ئه‌وانه‌ی دژی له‌باربردنی منداڵن. پارێزكارەكان و كه‌سانی دیندار پێشانگایه‌تی ئه‌و ره‌وته ده‌كه‌ن، ئه‌وانه كه‌نیسه وه‌ك ئامرازێك بۆ دژایه‌تیی رێگه‌دان بۆ له‌باربردنی منداڵ به‌كارده‌هێنن و هه‌موو هه‌وڵێكیان خستووهگهڕ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مەریكا دروستبكه‌ن.
ستیڤن ئۆبرادۆ، سەرپەرشتیاری گردبوونەوە دژی لەباربردنی منداڵ دەکات، بە کوردستان24ی راگەیاند: "هاتووینه‌ته واشنتن دی سی به‌یه‌كه‌وه نزا ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین كۆتایی به له‌باربردنی منداڵ بهێنرێت، هه‌روه‌ها كۆتایی به هه‌موو ئه‌و هێرشانه بهێنرێت دژی ژیان، هاوسه‌رگیری، خێزان و ئازادی ئاینی، هیچ كه‌سێك، یان یاسادانه‌رێك و حكومه‌تێك مافی ئه‌وه‌ی نییه یاسایه‌ك دابنێت و ئه‌و مافه له من و تۆ وه‌ربگرێته‌وه، چونكه ئه‌مه له‌لایه‌ن خوداوه به ئێمه به‌خشراوه."
دادگه‌ی باڵای فیدراڵی ئه‌مەریكا ده‌سه‌ڵاتی له‌باربردنی منداڵی به ویلایه‌ته‌كان داوه به هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، ئێستا له 19 ویلایه‌ت كه زۆرینه‌یان ده‌نگده‌رانی پارتی دیموكراتن رێگه‌ی پێده‌درێت، له 12 ویلایه‌تیش كه كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌گوێره‌ی راپرسییهكان زیاتر له %70ی دانیشتووانی ئه‌مەریكا له‌باربردنی منداڵ به مافێكی تاكه‌كه‌سی ده‌زانن.
مژاری له‌باربردنی منداڵ له‌لایه‌ك له‌نێوان لیبڕاڵ و كۆنسێرڤاتیڤه‌كان بووه‌ته بابه‌تێكی ئازادی تاكه‌كه‌سی و پاراستنی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه. له‌لایه‌كی دیكه له‌نێوان كۆماری و دیموكراته‌كان بووه‌ته یارییه‌كی سیاسی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه هه‌ر یه لایه‌نێكیان ده‌یانه‌وێت بۆ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ به‌كاری بهێنێت.