حوسییەکان کەشتییەکی نەوت هەڵگریان کردووەتە ئامانج کە ئاڵای نەرویجی لەسەربووە
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، حوسییەکانی یەمەن مووشەکێکیان ئاراستەی کەشتییەکی نەوتهەڵگر کردووە، کە ئاڵای نەرویجی هەڵکردبوو، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی ئەم هێرشەدا نەبووە.
سێنتکۆم، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند، کەشتی نەوتهەڵگری "ستریندا" بە مووشەکێکی حوسییەکانی یەمەن کرایە ئامانج، کە بەهۆی مووشکەکەوە ئاگر لەناو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، دەستەی بازرگانی دەریایی سەر بەبەریتانیا لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" رایگەیاند، دوێنێ دووشەممە، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکات، لە نزیک باب ئەلمەندەب لە کەناراوەکانی یەمەن کەشتییەکی نەوتهەڵگر کراوەتە ئامانج و گڕی گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتداران بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشە دەکەن کە لە دەریای سوور روویداوە و سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکەش دۆخیان باشە، داوای لە سەرجەم کەشتییەکانی ناوچەکەش کرد وریا بن و ئاگاداریان بکەنەوە ئەگەر هەر چالاکیەکی گوماناوییان دەستنیشان کرد.
ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو، فەریق یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان، لە پلاتفۆرمی"ئێکس" رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاندووە رێگری لە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەکەن، کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، جا ئەو کەشتیانە سەر بەهەر وڵاتێک بن، ئەگەر ئەو خۆراک و پێداویستیی و ئەو دەرمانەی پێیەتی نەچێتە ناو کەرتی غەززە".
لەسەرەتادا حوسییەکان تەنها ئەو کەشتیانەیان دەکردە ئامانج کە ئیسرائیلی بوون، بەڵام لە رۆژی شەممەوە، 9-12-2023، بڕیاریان داوە هەر کەشتییەک بەرەو ئیسرائیل بچێت دەستی بەسەردا دەگرن.
جەختیان لەوەشکردەوە، کە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن تا "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەڵەستین دەوەستێت".