ژینا ئەمینی و ئافرەتە چالاکوانەکانی ئێران خەڵاتی ساخاروڤیان پێبەخشرا

بەخشینی خەڵاتی زاخاروڤ بە ژینا ئەمینی
بەخشینی خەڵاتی زاخاروڤ بە ژینا ئەمینی

K24 - برۆکسل:

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا خەڵاتی ساخاروڤی بۆ ئازادی فیکری بە ژینا ئەمینی و جوڵانەوەی ( ژن، ژیان، ئازادی) ی ئێرانی بەخشی، ساڵح نیکیبخت ئەکادیمی و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی خەڵاتەکەی لەبری ژینا وەرگرت، لەگەڵ هەریەک لە ئەفسون نەجەفی و مورشیدە شاهینکاری داکۆکیکارانی مافی ئافرەتان کە لە ساڵی 2023 ئێرانیان جێهێشتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ( 12 ی کانوونی یەکەمی 2023)، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ساخاروڤی بەرێوەبرد و رۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: خەڵاتی ساخاروڤ بۆ ئازادی فیکر لەمساڵدا، بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەبەخشرێت وەک سیمبوڵێک کە وێنا دەکرێت بە خەڵاتکردنی تەواوی ژن و پیاوان و گەنجانی ئازا و بەجەرگی ئێران و گوتی: سەرباری ئەوەی رووبەرووی فشاری زۆر بوونەوە، ئەوان لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان و دروستکردنی گۆڕانکاری بەردەوام بوون، گوتیشی: پەرلەمانی ئەوروپا گوێتان بۆ دەگرێت و پشتیوانیتان دەکات، ئێوە بە تەنها نین.

سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، سزایان بەسەر چەندین بەرپرسی ئێراندا سەپاندووە کە بەرسیاربوونە لە سەرکوتکردنی خۆنیشاندەران.

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڵاوی کردۆتەوە، پۆلیسی ئێران لە تاران، رۆژی 13 ی سێپتێمبەری 2022، ژینا ئەمینی کچەکوردی 22 ساڵی بەتۆمەتی پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشی دەستگیر کرد و سێ رۆژ دوای ئەشکەنجەدان، لە نەخۆشخانە گیانە لەدەستدا، گیانلەدەستدانی ژیناش بووە توڕەیی جەماوەر لە تەواوی ئێران، جوڵانەوەکەشیان ناونا، هن، ژیان، ئازادی.

کارزان حەیدەر