هه‌وڵێكی كوده‌تا له ئه‌ڵمانیا ئاشكرا ده‌كرێت و تۆمه‌تبارانی به "ناپاكی گه‌وره" دادگایی ده‌كرێن

K24 – هەولێر:
داواكارانی گشتی ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی 30 كه‌س كه ساڵی رابردوو راگیراون، به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییان به گرووپێكی تیرۆریستییه‌وه هه‌یه و پلانیان هه‌بووه هێرش بكه‌نه سه‌ر په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته و كوده‌تا بكه‌ن و سوپایه‌كی نوێ و حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنن.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 12ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) داواكارانی ئه‌ڵمانی په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ 27 كه‌س درێژ كرد، كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی رابردووه‌وه راگیراون و رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌و 27 كه‌سه په‌یوه‌ندییان به تۆڕی توندڕه‌وی میر هاینریخی سێزده‌یه‌م، بزنسمان و یه‌كێك له ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ی رۆیسی فه‌رمانڕه‌وای كانتۆنه مێژووییه‌كانی ئه‌ڵمانیاوه هه‌یه.
دادوه‌رانی ئه‌ڵمانی روونیان كردووه‌ته‌وه، یه‌كێك له راگیراوه‌كان ئافره‌ته و پشتیوانی له گرووپه‌كه كردووه كه گرووپێكی تیرۆریستی راستڕه‌وی توندڕه‌وه.
هاوكات داواكاری گشتی سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه راكێشاوه ئه‌و گرووپه كه به "رایخ بێرگه‌ر" یان "هاووڵاتییانی رایخ" ناوده‌برێت، گومانێكی زۆر ده‌كرێت 27 راگیراوه‌كه په‌یوه‌ندی پته‌ویان له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه هه‌بێت و ئاماده‌كارییان بۆ پلانێك كردبێت بۆ ناپاكیكردنی گه‌وره له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی پلانه‌كه‌ی ئه‌و گرووپه زۆر ئاڵۆزه، بۆیه دادگاییكردنی راگیراوه‌كان له هه‌ر سێ دادگا باڵاكه‌ی ئه‌ڵمانیا له "فرانكفۆرت، شتوتگارت و میونشن" دادگایی ده‌كرێن.
داواكاری باسی له‌وه‌ش كردووه، گرووپی هاووڵاتییانی رایخ "ئه‌نجوومه‌ن"ـێكی دامه‌زراندووه بۆ ئه‌وه‌ی دوای ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنی كوده‌تا، ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و باڵێكی سه‌ربازی دابمه‌زرێنێت بۆ ئه‌وه‌ی سوپای نوێی ئه‌ڵمانیا پێكبهێنێت و میر هاینریخی سێزده‌یه‌م كه یه‌كێكه له راگیراوه تۆمه‌تباره‌كان دوای سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاكه، ببێته سه‌ركرده‌ی نوێی ئه‌ڵمانیا.