ئیسرائیل: چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەڵەستین خۆکوشتنە

K24 - هەولێر
ئیسرائیل چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەڵەستین بەخۆکوشتن دەزانێت.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، بێتزەلئیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، "سەرباری گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بەڵام ئەو چارەسەرە وەک خۆکوشتن وایە بۆ ئیسرائیلییەکان".
وەزیری دارایی ئیسرائیل باسی لەوەشکرد، "ئەمەریکا ساڵانێکە دەیەوێت چارسەری دوو دەوڵەت لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بێنێتە کایە، بەڵام ئەو چارەسەرە بەلای ئیسرائیلیەکانەوە لۆژیکی نییە و خۆکوشتنی سیاسییە".
پێشتر ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەى پابەندە بە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کێشەى ئیسرائیل – فەڵەستین.
لەلایەکی دیکەوە، پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل سەبارەت بەکردنەوەی رێڕەی کەرەم ئەبو سالم لەنێوان میسر و غەززە کۆبووەوە، بەبێ ئەوەی کۆبوونەوەکە هیچ بڕیارێکی تێدا بدرێت.
لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە، بەگوێرەی دوایین زانیاری ژمارەی کوژراوان لە هاووڵاتییانی فەڵەستنی لە کەرتی غەززە 18 هەزاری تێپەڕاندووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.