رۆژێک پشووی فەرمی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

K24 - هەولێر
لەسەر پێشنیاری مەسرور بارزانی رۆژی دووشەممە، 18-12-2023 کرایە پشووی فەرمی و، رۆژی دواتر دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-12-2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، 18ـی ئەم مانگە لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ڕۆژی 18ـی كانوونی یەكەم، كە دەكاتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، لە سەرجەم دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان، بە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لەو ڕۆژەدا، لە هەرێمی كوردستان پشووە".
ئەوەش خراوەتەروو: "پشووەكە هەموو دامودەزگە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ڕۆژی سێشەممە، 19ـی كانوونی یەكەم، دەوامی فەرمی لە سەرجەم داموەدەزگە فەرمییەكان دەستپێدەكاتەوە".
بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.