یاوەر شوکر : لێکەوتەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر بە دەنگدان چارەسەر دەکەین

یاوەر شوکر
یاوەر شوکر

K24 – هەولێر :

کاندیدێکی کاکەیی لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، لێکەوتەکانی 16  ی ئۆکتۆبەر بە دەنگدان و بەشێوەیەکی یاسایی و بەدەر لە سەربازیی، چارەسەر دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ( 13 ی کانوونی یەکەمی 2023)، یاوەر شوکر وەلی کاکەیی کاندیدی لیستی 197 ی  پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە شاری کەرکووک بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، پارتی پاکێجی خۆی دەخاتە بەر دەستی دەنگدەرانی شاری کەرکووک بەشێوەیەکی گشتی، گوتیشی: پارتی هەمیشە لەگەڵ بە دامەزراوەیی کردنی دەوڵەتە و لەچوارچێوەی یاسا مامەڵە لەگەڵ کەیسەکان دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چاویان لە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگە و دڵنیان لە بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە، چونکە لە رۆژانی رابردوو کە بارەگای پارتی لە کەرکووک کرایەوە، پێشوازیەکی گەرمیان لەلایەن خەڵکی کەرکووکەوە لێکراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،ئەو کاندیدە کاکەییەی پارتی لە کەرکووک گوتی: بەشێوەیەکی یاسایی و بە هەڵبژاردن لێکەوتەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر  دەسڕینەوە، گوتیشی: سەرکەوتنی گەورە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیە، نەوەک پرۆسەیەکی سەربازیی.

یاوەر شوکر تێڕوانیەنەکانی بۆ کەرکووک ئاشکرا کرد و گوتی: تێڕوانین پارتی بۆ کەرکووک چۆن بێت، تێڕوانینی منیش هەمان شتە.

کاندیدەکەی پارتی لە کەرکووک دەڵێ: دوو کاندیدی کاکەیی هەیە لە لیستی پارتی لە کەرکووک هەن، پارتیش لەسەر بنەمای بەهێزیی پێگەی کۆمەڵایەتی و لەبەر ئەوەی زۆرینەی کاکەییەکان پارتین، بۆیە دوو کاندید دەستنیشانکراون بۆ کاکەییەکان ، گوتیشی: قورسایی کاکەیی لەچوارچێوەی پارتی بووندا خۆی دەدۆزێتەوە.

لەبارەی داواکارییەکانی خەڵکی کەرکووک لە پارتی، یاوەر شوکر تیشکی خستە سەر ئەوەی، داواکارییەکانی خەڵک لە چوارچێوەی توانای پارتیەوەیە، گوتی: سیاسەتی پارتی رەهەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەیە، ئەوەی بەلای کەرکووکیەکان گرنگە ئەوەیە، کەرکووک بپارێزن، پاکێجەکەی پارتیش پەیوەستە بە هەموو خەڵکی کەرکووک  و خزمەتگوزاریەکان لە تەواوی سێکتەرەکان.

کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment