ئەڵمانیا کارمەندێکی خۆی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ رووسیا دادگایی دەکات

K24 - هەولێر

لە بەرلین دادگاییکردنی بریکارێکی هەواڵگری ئەڵمانی و هاوکارێکی دەستیپێکرد، کە گومانی سیخوڕیکردنیان بۆ رووسیا لێدەکرێت.

گۆڤاری دێر شپیگل رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، دادگایی کردنی بریکارێکی هەواڵگری ئەڵمانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستیپێکرد،  دەشڵێت: لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا ئەم دانیشتنە بە "گەورەترین دادگاییکردن لە دۆسیەیەکی سیخوڕی" لە وڵاتەکەدا دادەنرێت.

لیزا جانی گوتەبێژی دادگا پشتڕاستی کردەوە، کە دانیشتنەکە "لە چوارچێوەیەکی ئەمنی توند بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەو زانیارییە نهێنییانەی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری فیدراڵی ئەڵمانیاوە "BND" دەرچوون بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ دەزگایەکی هەواڵگری بیانی گواستراونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگاییکردنەکە کە رۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی هەردوو تۆمەتبارەکە دەستیپێکردووە، کە یەکێکیان لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 دەستگیرکراوە و ئەوی دیکەشیان لە مانگی یەنایەری 2023 دەستگیرکراوە.

کاستن ئێڵ تەمەن 53 ساڵ کە لە دەزگای هەواڵگری فیدراڵی ئەڵمانیا کاردەکات و هاوکارەکەی کە گوایە ئارتۆر ئی، بازرگانێکی سەربەخۆیە و تەمەنی 32 ساڵە، گومانیان لێدەکرێت "خیانەتێکی گەورەیان لە دوو کاتی مەترسیدار کردبێت" ئەوان رووبەڕووی ئەگەری زیندانیکردن دەبنەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ یانیش سزای هەتا هەتایی.

هەر لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکرانیا، دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بەردەوام هۆشدارییان لە چالاکییە سیخوڕییەکانی رووسیا لە ئەڵمانیا دا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە، لە پاییزی ساڵی 2022، نزیکەی هەشت مانگ دوای دەستپێکردنی جەنگ، دووجار بەڵگەنامە و زانیاریی نهێنی یان بۆ دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا گواستووەتەوە.

کاستن ئێڵ هەڵساوە بە کۆپی کردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە بنکەی داتاکانی دەزگای هەواڵگری فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە دەست ئارتور ئی، کە ئەویش بینێرێت بۆ دەزگای ئاسایشی فیدراڵی لە مۆسکۆ.

هەروەها پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان بریکارەکانی ئاسایشی فیدراڵی رووسیا و ئارتور ئی هەبووە.