بەفەرمی لێکۆڵینەوە لە جۆ بایدن دەکرێت

K24 - هەولێر

دوێنێ چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی کردەوە بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن لەسەر چالاکییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی هانتەری کوڕی، کۆشکی سپیش ئەمەی بە "فێڵێکی سیاسی بێ بنەما" ناوبرد.

کۆمارییەکان کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستەوەیە، بایدن تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە پۆستەکەی خۆی قۆستۆتەوە کاتێک جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بووە (2009 تاوەکو 2017) بۆ ئەوەی رێگە بە کوڕەکەی بدات چالاکییە بازرگانییە گوماناوییەکان لە چین و ئۆکرانیا ئەنجام بدات.

جەیمس کۆمەر سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، "جۆ بایدن چەندین جار درۆی لەگەڵ گەلی ئەمەریکا کردووە".

جۆ بایدن و کوڕەکەی لەبەیاننامەیەکدا ئەم تۆمەتانەیان رەتکردەوە، ئەمەش دوای دەنگدانی کۆمارییەکان دێت بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی ئەمەریکا، هەروەها بایدن کۆمارییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "کاتەکانیان هەڵبژاردووە لەسەر فێڵێکی سیاسی بێ بنەما"، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبری ئەوەی کاربکەن بۆ باشترکردنی ژیانی ئەمەریکییەکان، لە پێشینەی کارەکانیان ئەوەیە بە درۆ هێرش بکەنە سەرم.

پێشووتر هانتەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "باوکم هەرگیز لە رووی داراییەوە بەشداری کاروباری من نەبووە." بەڵام دانی بەوەداناوە کە هەڵەی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا کردووە.

هانتەر بایدن
هانتەر بایدن

لەبەردەم باڵەخانەی کاپیتوڵ، هانتەر "لایەنگرانی ترامپ"ی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵیان داوە زیان بە باوکی بگەیێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، بەو هۆیەوە رەتیکردووەتەوە بەشداری لە دانیشتنێکی داخراودا بکات کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە بەڕێوەچوو و بانگهێشتیان کردبوو بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە لەبەردەم کۆنگرێسدا ئامادەبێت.

مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە وەڵامی گەلی ئەمەریکا بدەینەوە".

لە دەستووری ئەمەریکادا هاتووە کە کۆنگرێس دەتوانێت بە تۆمەتی "خیانەت، بەرتیلدان، یان تاوان و پێشێلکارییەکانی دیکە" لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا بکات. رێکارەکەش بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدرێت.

Fly Erbil Advertisment