هۆشیار زێباری: شەڕی ئێمە لە نەینەوا و کەرکووك شەڕی کوردبوونە

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ناحەزان دەیانەوێت ئەم ناوچانە لە کوردستان داببڕن كە ئێمە لە دەستووردا شەڕمان بۆ كردوون.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە سنووری مەخموور رایگەیاند، شەڕی ئێمە لە نەینەوا و کەرکووك شەڕی کوردبوونە.
ناوبراو دەڵێت: ناحەزان دەیانەوێت ئەم ناوچانە لە کوردستان داببڕن كە ئێمە لە دەستووردا شەڕمان بۆ كردوون.
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: رۆژی 18ـی 12 رۆژێکی زۆر گرنگە کە هاووڵاتییان بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو حزبە بتوانێت لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زۆترین خزمەت بە خەڵکی پارێزگاکانی عێراق بکات.
بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.