جۆن كێربی: ئەمه‌ریکا دەیەوێت بە زووترین کات شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت

جۆن كێربی
جۆن كێربی

K24 - هەولێر:

جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمه‌ریکا دەیەوێت بە زووترین کات شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت.

کێربی ئاماژەی بەوەشدا، شەڕ راستەوخۆ کۆتایی دێت، کاتێک چەکدارانی حەماس چەکەکانیان دانێن و خۆیان بەدەستەوە بدەن.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی هه‌روه‌ها گوتی: "وەک ئەوەی پێشتریش ئاماژەم پێداوە دەمانەوێت هەرچی زووە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت، دەکرێت شەڕ ئەمڕۆ کۆتایی بێت ئەگەر یەحیا سینوار کارە راستەکە بکات، واتە، چەک دانێت، خۆی بدات بە دەستەوە و تەواوی بارمتەکانیش ئازاد بکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، ناشتوانم پێشبینی ئەوە بکەم شەڕەکە چەند دەخایه‌نێت.

لە نوێترین زانیاریدا دەربارەی قوربانییەکانی جەنگی نیوان حەماس و ئیسرائیل، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین رایگەیاند: به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 18 هه‌زار و 787 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته‌ 50 هه‌زار و 897 كه‌س.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل، لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا 434 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

  

Fly Erbil Advertisment