ڤیکتۆر ئۆربان: ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بڕیارێکی خراپە و هەنگاریا ئامادەنییە ئەو بڕیارە بدات

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەڵێت: 75 هۆکار هەن بۆ ئەوەی هەنگاریا پڕۆسەی ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا رابگرێت.

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لەبارەی بڕیاری وڵاتەکەی سەبارەت بە ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتییەکە، بڕیارێکی خراپە و هەنگاریا ئامادەنییە ئەو بڕیارە بدات.  

سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، ئاماژەی بەوەدا، 75 هۆکار هەن بۆ ئەوەی هەنگاریا پڕۆسەی ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا رابگرێت، بەڵام من نامەوێت هەنگاریا ئەو بڕیارە خراپە بدات، ئێوە خۆتان ئەو بڕیارە بدەن.

سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، دەڵێت: وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەڵگەی یەکلاکەرەوەیان ئەوە بوو، هەنگاریا هیچ شتێکی نییە لەدەستیبدات بە ئەنجامدانی ئەم کارە، چونکە کۆتا بڕیار بۆ ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکیتی ئەوروپا پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەیدات بە تەواوی ئەندامانییەوە.

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، رایگەیاندبوو؛ هەڵوێستی ئێستای حکومەت ئەوەیە، ئەندامییەتی خێرای ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدابوو، ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی هەنگاریا و یەکێتی ئەوروپا نییە. سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، گوتبووشی: ئۆکرانیا دەبێت هاوکاری بکرێت، بەڵام کەس نایەوێت ئێمە لەم پڕۆسەیەدا وڵاتەکەمان لەناوبەرین.

ڤیکتۆر ئۆربان، ئاماژەی بەوەشدابوو، هەنگاریا لەژێر فشاردایە، بەڵام نابێت رێگری لە مانەوەی کۆدەنگی ئەوروپا بکرێت.

دوای ئەوەی ئۆکرانیا بە فەرمی خواستی خۆی بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ نیشاندا، رووبەڕووی هەڕەشەکانی حکومەتی رووسیا بووە، کە دواجار لە 24ـی شوبات هەڕەشەکان بوونە کردار و لەو رۆژەدا لەشکرکێشی سوپای رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستیپێکرد و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە.

هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە، وایکرد هەریەک لە فینلاند و سوید داواکاری بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ پێشکەش بکەن، کە سەرەتا دوو ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە، هەنگاریا و تورکیا رازی نەبوون لەسەر ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە، بەڵام دواتر رەزامەندیان لەسەر بە ئەندامبوونی فیلاند دا.

دوای رازیبوونی هەنگاریا و تورکیا، فینلاند بە فەرمی بووەتە ئەندامی ناتۆ، ئێستاش کار لەسەر بە ئەندامبوونی سوید دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment