فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا، بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەردەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا

 K24- هەولێر:

فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، سەردانی فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکات، لەبارەی هێرشەکانی چرکراونەتەوە سەر هێزەکانیان لە عێراق، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵڵا کۆبویەوە.

ئەمڕۆ شەممە ( 16 ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوی کردوە، فەریقی یەکەم مایکڵ ئەریک کۆرێلا، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و، فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر یاڕەڵڵا و فەرماندەی جموجۆڵە هاوبەشەکان و تیمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبویەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا، باسی هەڕەشە و مەترسیە ئەمنی و هەرێمی و ناوخۆییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی  کردووە کە بە وردی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

فەرماندیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، فەریقی یەکەم کۆرێلا، سەردانی بنکەی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی هەولێری کردووە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی ئەو فەرماندەییە، پاش سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، فەریقی یەکەم کۆرێلا فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی چەند بنکەیەکی سەربازیی لە سوریا کردووە و، چاوی بە هاوبەشە سەرەکییەکانی بۆ تێکشکاندنی داعش کەوتووە،لەوێش گفتوگۆی  لەبارەی هەنگاوەکانی بەرەو پێشوەچوونی کردووە  بۆ شکستپێهێنانی داعش.

فەریق کۆرێلا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق سوریا گوتی: ئەو سەردانانە تێڕوانێکی باشمان پێدەدات لەوەی لە نزیکەوە  ئەوەی لە ناوچەکە روودەدات ببینین.

کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment