بەریتانیا و ئەڵمانیا داوای ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە دەکەن

K24 - هەولێر

رۆژنامەی سەندەی تایمز رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، داوای ئاگربەستی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە دەکەن.

رۆژنامەکە بڵایکردەوە، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، دووپاتییان لە  "ئاگربەستی هەمیشەیی" لە کەرتی غەززە کردووەتەوە.

ئەو دوو وەزیرە لە وتارێکی هاوبەشدا، نووسیویانە: "ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لەم شەڕەدا کوژراون" و داوایان لە ئیسرائیل کردووە بە خێرایی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی بزووتنەوەی حەماس بهێنێت و بۆ هەمیشە لە کەرتی غەززە کۆتایی بە شەڕ بهێنن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "پێویستە بەپەلە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی رێگا خۆشبکرێت، بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی کە ببێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام".

راشیانگەیاندووە "ئێمە دەزانین ئیسرائیل بەرگری لەخۆی دەکات، چونکە حەماس بەشێوەیەکی دڕندانە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی دەستگیرکردووە و کوشتووە، ئیتر پێویستە حەماس چەکەکەی فڕێبدات".

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە 7/10/2023ـەوە تائێستا نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment