61 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر
بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا ژێر ئاو کەوت، لە ئەنجامدا 61 کۆچبەر گیانی لەدەستدا.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە پلاتفۆڕمی ئێکس "تویتری پێشوو" رایگەیاند، "بەلەمێکی کۆچبەران کە 86 کۆچبەری تێدابووە و لە هەوڵدا بوون بگەنە ئیتاڵیا، لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا ژێرئاوکەوت و 61 کۆچبەر گیانی لەدەستداوە و توانراوە 25 کۆچبەریان رزگار بکرێن".
راشیگەیاند، "زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لەناو بەلەمەکەدا بوون، نێجیری، گامبیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفەریقا بوون، زۆربەی سەرنشینەکانی بەلەمەکە کە گیانیان لە دەستداوە ژن و منداڵ بوون".
رێکخراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، تیمی رێکخراوی کۆچی، هاوکاری تەندروستی پێشکەش بە رزگار کراوان کردووە و ئەوانەی رزگاریان بووە تەندروستییان جێگیرە.
ئا: لاڤین عومەر