یۆنامی بۆ کوردستان24: عێراق داوای لە ئێمە نەکردووە چاودێری هەڵبژاردن بکەین

K24 - هەولێر
یۆنامی رەتیدەکاتەوە حکومەتی عێراق داوای لێ کردبێت چاودێری هەڵبژاردنی گشتیی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-12-2023، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەکردووە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات و لەبەر ئەوە یۆنامی چاودێری و سەرپەرشتی هەڵبژاردنی گشتیی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ناکات.
یۆنامی لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 لەبارەی ئەوەی "بۆچی رێکخراوەکە چاودێری هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە ناکات بەپێچەوانەی رۆڵی یۆنامی لە چاودێریکردنی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021؟"، یۆنامی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەنها ئەرکی "هاوکاریکردن و راوێژپێدان" دەبێت بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت.
سەبارەت بەوەی چاودێرینەکردنکە کاریگەری دەبێت لەسەر شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە، یۆنامی رایگەیاند، "هەڵبژاردنە پرۆسەیەکە لەلایەن عێراقییەکانەوە خاوەنداریەتی دەکرێت و سەرکردایەتی دەکرێت" و جەختیان لە گرنگی بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی "جێگەی متمانە و شەفاف" کردەوە.
بەیانیی رۆژی شەممە، 17-12-2023، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند، رێژهی بهشداریكردن له دهنگدانی تایبهتی ههڵبژاردنەکە زیاتر له سهدا 67 بووه.
بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان، بەشێک لە داتای دەنگدانی تایبەت بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا نەگواسترانەوە. هەر بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیاتوانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کێشە تەکنیکییانەی دوێنێ شەممە، 16-12-2023 لە هەندێک ئامێری دەنگدان دروستبوو، کاریگەری ناکاتە سەر هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە سبەی دووشەممە، 18-12-2023 دەکرێت.
جومانە غەلای گوتی، "هەژمارکردن و جیاکردنەوەی شێوازی دەستیی دەنگی وێستگەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی تایبەت لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت، واتا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 18-12-2023".