تورکیا ژمارەی ئەو ئاوارە سووریانەی ئاشکراکرد کە رەگەزنامەیان پێدراوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئاوارە سووریانەی ئاشکراکرد کە بوونەتە خاوەنی رەگەزنامەی تورکیا.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی وەزارەت لەپەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، ژمارەی ئەو ئاوارە سووریانەی کە هەتا مانگی کانوونی یەکەمی 2023، بوونەتە خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 238 هەزار و 55 کەس.

یەرلیکایا گوتیشی: تاوەکو کانوونی یەکەمی 2023، "238 هەزار و 55 هاووڵاتی سووریا لەژێر پاراستنی کاتی رەگەزنامەی تورکیایان بەدەست هێناوە، کە لەنێوانیان 138 هەزار و 422 کەسیان پێگەیشتوون، هەروەها 100 هەزار و 633 کەسیشیان منداڵن، ئەوانەی تەمەنیشیان لەسەرووی 18 ساڵیەوەیە 156 هەزار و 987 کەسن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە 38 خاڵی کۆچبەری گەڕۆکدا لە ئیستانبوڵ، ئەو کۆچبەرانەی کە نایاسایین دەستگیر دەکرێن و دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.

راشیگەیاند، لە ساڵی 2023دا، 143 هەزار و 47 بیانی لە ناوەندەکانی کۆچبەریدان کە 47 هەزار و 466 کەسیان نایاسایی بوون گوستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی دیپۆرکردنەوە تاوەکو دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت: تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، سێ ملیۆن و 237 هەزار و 585 سووری لە ژێر پاراستنی کاتی تورکیادان، هەروەها یەک ملیۆن و 113 هەزار و 761 کەس مۆڵەتی مانەوەیان هەیە، 262 هەزار و 638 کەسیشیان لەژێر پاراستنی نێودەوڵەتی دان.

Fly Erbil Advertisment