کەمال کەرکووکی: پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن زۆر بە خراپی بەرێوەچوو، سکاڵامان تۆمارکردووە

کەمال کەرکووکی
کەمال کەرکووکی

 

K24- هەولێر :

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: لە هەڵبژاردنەکە ناڕازین و سکاڵامان تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە ( 18-ی کانوونی یەکەمی 2023)،کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کوردستان24 ی راگەیاند: پرۆسەکە بە خراپی بەرێوەچوو و هەزاران کەس پەنجەمۆریان نەیخوێندەوە و لە دەنگدان بێبەش بوون.

 کەمال کەرکووکی دەڵێ: تا ئێستا هۆکارەکانی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بەو ئامێرانە  دیار  نیە، نەمانزانی بۆ بەدەست نەیانژمارد کە ژمارەی دەنگەکان تێیدا کەم بوو لە وێستگەکان، هەرچەند کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت رایانگەیاند کە کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر دووبارە نابێتەوە، کەچی دووبارە بوویەوە و وەک خۆیان دەڵێن، هەزاران کەس لەو مافە بێبەش بوون.

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکێک بۆ ناڕەزایی دەربڕین جوونەتە بەردەم کۆمیسیۆن، دەنگۆ بڵاویەوە لەنێو خەڵک کە کێشە لە پرۆسەکە دروستدەبێت، کێشە دروستیش بوو، پاسەوانەکانی پارێزگاری سەپێندراوی سەر کەرکووک لەگەڵ پاسەوانی دادوەرەکان کردیانە شەڕ، ئێمە ئەوە بە پلان دەزانین بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەشڵێ: هێزەکانی پارتی پابەندن بە رێنمایی سەرۆک بارزانی کە هێمن بین و رێگای یاسایی بگرینە بەر، ئاماژە بەوە دەکات کە لەو پرۆسەیە نارازین، کۆمیسیۆنیش بە بەرپرسیار دەزانن لە ئامێرە خراپەکان، لەگەڵ ئەوەی دڵخۆشی خۆی نیشاندا لەوەی کورد ولایەنگرانی پارتی لە کەرکووک روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد لەگەڵ ئەوەی زۆرێک بێبەشبوون، لەو مافە.

 کەرکووکی دووپاتیکردەوە، پرۆسەکە بە خراپی بەرێوەچوو، هیوای خواست نیەت خراپی نەبێت.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوو. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

کارزان حەیدەر