شارەزایەکی هەڵبژاردن: بەهۆی بێ متمانەییەوە دەنگدەرانی باشووری عێراق بەشدارییان لەهەڵبژاردن نەکرد

K24 - هەولێر

شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن سەبارەت بەکێشەی ئامێرەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند، کێشەی ئامێرەکان کۆنە و لەهەڵبژاردنەکانی رابردووش روویداوە، بۆیە ئەو کێشەیە پلان بۆ دانراو نەبووە.

هاوڕێ تۆفیق، شارەزای بواری هەڵبژاردن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشە هونەریەکە پەیوەندی بە ئامێرێکەوە هەیە کە پێی دەڵێن، "ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی"، کە ئەمەش کێشەیەکی کۆنە، چونکە عێراق 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو ئامیرانەی لە کۆمپانییایەکی کۆری کڕیووە، بۆیە بابەتەکە ناچێتە خانەی پلان گێڕییەوە.

بەگوتەی هاوڕێ تۆفیق، کێشەکە لەو پارێزگایانە زۆرتربوو کە ژمارەی دەنگدەرانی زۆرتربوو، بۆنموونە کەرکووک، کە بەراوورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق رێژەی بەشداریکردن تیایدا لە 60%  بووە، بەڵام لە پارێزگایەکی وەکو میسان کە رێژەی دەنگدانی تێدا لە 20% بووە، دەشڵێت: هەر وێستگەیەک نابێت لە 450 دەنگ زیاتر بێت، واتە سندووقێکی دەنگدان 450 دەنگ زیاتری تێناکرێت، بۆیە بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆن لەهەر وێستگەیەک ئەگەر لە سەدا 5ـی پەنجەمۆر دەنگدەران نەخوێندرایەوە ئەتوانی ئەو لە سەدا 5ـەی فەرامۆش بکەی.

شارەزایەکەی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی سکاڵاکان بەراوورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو زۆر کەمتر بووە، ئەمەش یارمەتی ئەوەدەدات کە بە خێرایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەربچێت، هەروەها ئەوەی سکاڵاشی دەربارەی ئامێرەکە کردووە هیچ ئەنجامێکی نابێت.

لەسەر کەمی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان روونیکردەوە، جوگرافیای دەنگدەر دابەش بووە، بۆ نموونە کورد دەنگ بەکورد دەدات، عەرەب و تورکمان و کریستیانەکانیش بەهەمان شێوە، بۆیە شارەکانی باشووری عێراق لەساڵی 2019 پایتەختی خۆپیشاندەرانی تشرینییەکان بوو، کە بەسەدان خەڵک کوژران و بەهەزارانیش بریندار بوون، یەکێک لەداواکارییەکانییان ئەوە بوو ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبوەشێتەوە، چونکە تێوەگڵابوون لەگەندەڵی و خزمەتگوزاری لە شارەکاندا نەبوو. لەبەئەوە کەمی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە باشووری عێراق بەهۆی ئەوەیە کە دەڵێن: ئەنجومەنی پارێزگا هیچی پێ ناکرێت.

Fly Erbil Advertisment