ئه‌ردۆغان: شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی دەستەوەستانن بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، مێژوو دادگایی ئەوانە دەکات كه هه‌وڵیاندا شه‌رعییه‌ت به‌م تابلۆ قێزه‌وه‌نه‌ی غه‌ززه بده‌ن و چاویان له ئاستیدا داخست. گوتیشی: "شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی دەستەوەستانن بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل".
ئەردۆغان، لە میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) رایگه‌یاند، شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی و ده‌یان وڵاتی گه‌وره، دەستەوەستانن بەرامبەر هێرشە دڕندەکانی ئیسرائیل.
گوتیشی: "پشتیوان بەخودا ساڵی 2024 ساڵێک دەبێت کە ستەمکاران بە سزای رەوای خۆیان دەگەن و برینی ستەمدیدەکانیش له غه‌ززه ساڕ‌ێژ دەبێت".
سەرۆكکۆماری تورکیا هەروەها جەختی لەوە کردەوە، مێژوو دادگایی ئەوانە دەکات کە هەوڵیاندا شەرعیيەت بەم تابلۆ قێزەونەی غه‌ززه بدەن و رێگایان بۆ خۆش کرد و چاویان لە ئاستییدا داخست".
دوێنێش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین رایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه و له هه‌مان كاتدا وه‌رزی زستان زه‌حمه‌تی زیاتری بۆ خه‌ڵكی كه‌رته‌كه دروست كردووه و برسییه‌تی زۆریش رووبه‌ڕووی دانیشتووان بووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌هۆی هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه ژماره‌ی كوژراوان بۆ 19 هه‌زار و 667 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 52 هه‌زار و 586 كه‌س.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه تا ئێستا 434 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.